گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’چەند کەسێکیان دۆخیان سەختە’’

زانیاری نوێ.. نزیکەى 40 توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە

2020.06.03 - 11:35
زانیاری نوێ.. نزیکەى 40 توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە

ناس کورد-

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ڕایگەیاند، نزیکەى 40 توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەرە، چەند کەسێکییشیان دۆخەکەیان سەختە.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەکۆى 849 توشبووى کۆرۆنا لە هەرێم، 448 یان لە پارێزگاى سلێمانین، هەروەها لەکۆى 14 حاڵەتى مردن 11 یان لەو پارێزگایە تۆمارکراون.



هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، نزیکەى 40 توشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سلێمانى دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەرە.



وتیشى، "لەناو ئەو کەسانەدا سەرو 10 کەسیان دۆخى تەندروستیان زیاتر ناجێگیرە، چەند کەسێکیشیان دۆخى تەندروستیان سەختە".



لەکۆى 448 حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانى، لە ئێستادا 274 کەسیان لە نەخۆشخانەن، 163 کەسیان چاکبوونەتەوە و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، دوێنێ سێشەممە 35 توشبووى نوێی کۆرۆنا و چوار حاڵەتى گیان لەدەستدان لە پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

 

هێرش سەلیم باسى لەوەکرد، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا بەرزتر دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان پابەندى رێنماییەکانى خۆپاراستن بن.

 

بەراورد بە قۆناغى یەکەمى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم، ژمارەیەکى زۆرى توشبوو کە لەم قۆناغە نوێیەدا تۆمارکراون نیشانەى نەخۆشییەکەیان هەیە و پێویستیان بە چارەسەرە.



هێرش سەلیم دەڵێت، نیشانەکان بەپێی قۆناغى نەخۆشییەکە دەگۆڕێت، هەیە تەنها تاى هەیە، هەیە تاو کۆکەى هەیە، بەڵام بەشێکى زۆریان نیشانەکانیان هەیە.

 

زیادبوونى حاڵەتەکانى توشبوون لە هەرێم بەتایبەتى لەسلێمانى لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ئەمڕۆوە قەدەغەى هاتوچۆ لەناو شارەکان هەڵبگیرێت، دواى ئەو ناڕەزاییانەى لەو بارەیەوە سەریانهەڵدا.

 

هێرش سەلیم وتى، "ئێمە هیچ کۆمێنتێکمان نییە لەسەر قەدەغەى هاتوچۆ، بەڵام جەخت دەکەینەوە لەسەر تاکپارێزى هاوڵاتییان و پابەندبونیان بە رێوشوێنە تەندروستییەکان و لێپرسینەوە بکرێت لەگەڵ ئەوانەى کە پابەند نابن".