گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتی: بەیەک کۆبوونەوە هەموو پرسەکان چارەسەر ناکرێت

دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ هۆکارى هەڵوەشانەوەى کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی ئاشکرا دەکات

2020.06.03 - 11:04
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ هۆکارى هەڵوەشانەوەى کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

هێشتا وادەى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لەسەر ئاستى باڵا نادیارە، دوو بەرپرسى باڵاى هەردوو حزبەکەش دوایین زانیارییەکان لەو بارەیەوە ئاشکرادەکەن.

 

لەدواى کۆنگرەى یەکێتيیەوە کە کۆتایی ساڵى ڕابردوو بەسترا، پارتى و یەکێتى لەسەر ئاستى باڵا کۆنەبوونەتەوە، هەموو هەوڵەکانیش بۆ کۆکردنەوەیان لەسەر یەک مێز تا ئێستا بێ ئەنجام بوون.

 

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەى ڕاگەیاندووە، "بڕیارە ھەردوولا كۆببینەوە بۆ چارەسەركردنی كۆی پرسەكان، بێگومان بە یەك كۆبوونەوەش ھیچ پرسێك چارەسەر ناكرێت، بەڵكو چەند كۆبوونەوەیەك پێویستن لە نێوان ھەردوولا"، بەبێ ئەوەى هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەکە دیاری بکات.

 

پارتى و یەکێتى لە ئێستادا چەندین کێشە لەنێوانیاندا هەیە کە بەهۆیەوە پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزى تێکەوتووە، لەوانە بارگژرییە سەربازییەکانى زینى وەرتێ، پرسی شەراکەتى ڕاستەقینە لە حکومەت، لامەرکەزى، ئاڕاستەى کارەکانى پەرلەمان، ئەو تۆمەتانەى کە ئاڕاستەى یەکترى دەکەن.

 

کاکەمین نەجار وتى، "پارتی ھەمیشە بڕیار و ھەڵوێستی ئەوە بووە، لە كاتی ھەبوونی ھەر كێشەیەك لە رێگەی دانوستان و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت، ئێستایش پارتی ئامادەیە بۆ ھەر پرسێك نەك لەگەڵ یەكێتی، بگرە لەگەڵ ھەر لایەنێكی دیكە كۆببێتەوە".

 

باسى لەوەشکرد، بڕیارە مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق كۆببێتەوە و، كۆبوونەوەكەش چەند پرسێك لە خۆ دەگرێت، لەوانە پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنەكانی دیكە، ھەروەھا پرسی بەشداری لە حكومەتی عێراق و رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا.

 

تا ئێستا هیچ وادەیەکى نوێ بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى دیارینەکراوە، سەرەڕاى ئامادەیی پیشاندانى هەردوولا بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوە و چارەسەرکردنى کێشەکان بەرێگەى گفتوگۆ.

 

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕى مەکتەبى سیاسی یەکێتى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانى حزبەکەى، هۆکارى ئەنجامنەدانى کۆبوونەوەکە بۆ "کزبوونى متمانە" لەنێوان هەردوولا گەڕاندەوە.

 

وتیشى، "پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى هەمیشە بەرزى و نزمى بەخۆوە بینیوە، پردى متمانەى نێوانمان لاواز بووە، بریاربوو چەند کۆبوونەوەیەک بکرێت بەڵام هەر جارەى بەهۆیەک دواخراوە، جارێکیان ئەوان هۆکار بوون جارێکیان ئێمە".

 

بەوتەى دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، هەر هەنگاوێک کە یەکێتى دەینێت پارتى بەگومانەوە دەیبنێت، بەپێچەوانەوە هەر هەنگاوێک کە پارتى دەینێت ئەوان بەگومانەوە دەیبینن، بۆیە باشترین چارەسەر کۆبوونەوەیە کە تا ئێستا هیچ وادەیەکى بۆ دانەنراوە و بڕیاربووە دواى جەژن بکرێت.