گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخى نەوت لەبەرزبوونەوە بەردەوامە..لە 40 دۆلار نزیکدەبێتەوە

2020.06.03 - 08:44
نرخى نەوت لەبەرزبوونەوە بەردەوامە..لە 40 دۆلار نزیکدەبێتەوە

 

ناس کورد-

 

نرخى نەوت لەبەرزبوونەوە بەردەوامە، ئەوەش بەهۆى  هیواکان لەبارەى ئەوەى وەبەرهێنەران رەزامەندى دەدەن لەسەر درێژکردنەوەى وادەى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان، لەگەڵ دەستپێکردنەوەى   چالاکییە ئابورییەکان لەهەندێ ویلایەتى ئەمریکا.

 

 

بەپێی ئاژانسى ڕۆیتەرز، نرخى نەوتى برێنت کە پێوەرێکى جیهانییە بەڕێژەى 3.3% بەرزبوەوە و دوێنێ سێشەممە لەکاتى داخشتنى بۆرسەدا نرخى هەر بەرمیلێک گەیشتە 39.57 دۆلار.

 

هەروەها نرخى نەوتى خاوى خۆرئاواى تەکساس بەڕێژەى 3.9% بەرزبووەوە و نرخى هەر بەرمیلێک گەیشتە 36.81 دۆلار.

 

 نرخى نەوت لە ئێستادا نزیکە لە بەرزترین ئاست لەماوەى سێ هەفتەدا، ئەوەش بەهۆى کۆبوونەوەى چاوەڕوانکراوى ئۆپیک و دەستپێکردنەوەى بەشێک لە چالاکییە ئابورییەکان لەلایەن ویلایەتەکانى ئەمریکاوە.



ماوەى شەش هەفتەیە نرخى نەوت لەبەرزبوونەوەى هاوشێوەدایە، بەهۆى کەمبوونەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى ئۆپیک و هاوپەیمانەکانیان لەناویاندا روسیا، کە ناسراوە بە گروپى ئۆپیک پڵەس.  

  

بەڵام نرخى نەوت هێشتا بەڕێژەى نزیکەى 40% دابەزینى بەخۆوە بینیوە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا.  

  

بڕیارە لە چوارى ئەم مانگەدا ئۆپیک و وەبەرهێنەرانى دیکە کۆبنەوە، بۆ تاوتوێکردنى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان بە بڕى 9.7 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە بۆ مانگەکانى تەموز و ئاب، کە دەکاتە 10%ى کۆى بەرهەمهێنان لەسەر ئاستى جیهان.