گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەرکێکی تەواو جیاواز.. تیمێکی خۆبەخش قوربانیانی کۆرۆنا لە عێراق بە خاک دەسپێرن

2020.06.02 - 21:32
ئەرکێکی تەواو جیاواز.. تیمێکی خۆبەخش قوربانیانی کۆرۆنا لە عێراق بە خاک دەسپێرن

ناس کورد-

لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی توشبووان و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، ژمارەیەک خۆبەخش کە پێشتر ئەندامی ئەو گروپە چەکدارە شیعییانە بوون کەدژ بەڕێکخراوی داعش دەجەنگان لە ئێستادا ئەرکی ناشتن و بەخاکسپاردنی قوربانیانی پەتای کۆرۆنایان گرتووەتە ئەستۆ.

 

سەرمەد ئیبراهیم، ئەندامێکی ئەو تیمەیە و لەوباریەوە دەڵێت: "جگە لەوەی کارەکەمان کارێکی پڕ لە ماندوبوون و مەترسییە، پێویست بەوەش دەکات لە کاتی بەخاکسپاردنی قوربانییەکان مەراسیمی ناشتنی ئیسلامی و مەسیحییش پەیڕەو بکەین".

 

 ئەو خۆبەخشە عێراقیە دەشڵێت: "ئەگەر ژمارەی تەرمی قوربانییەکانی پەتاکە زۆربن ئەوا زۆر کات فریای ئەوە ناکەوین هیچ مەراسیمێکی ئاینی بۆ مردوەکان لەکاتی ناشتنیاندا ئەنجامبدەین".

 

لە ئێستادا تیمەکەی سەرمەد ئیبراهیم، ئەرکی ناشتنی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە گۆڕستانێکی تایبەت بە قوربانیانی پەتاکە لە پارێزگای "نەجەف" لە باشوری عێراق گرتوەتە ئەستۆ کە تاکە گۆڕستانە بۆ بەخاکسپاردنی قوربانیانی ئەو نەخۆشییە لە هەموو عێراقدا بەبێ جیاوازیکردن لەوەی کە قوربانییەکان لەچ ئاین و ئاینزایەکن.

 

 گۆرستانی ناشتنی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەسەر فەرمانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دروستکراوە و تائێستا نزیکەی 200 تەرمی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێیدا نێژراوە.

 

تیمەکە پێکهاتووە لە 12 ئەندام، زۆربەی کاتەکان لەشەودا مردوەکان دەنێژن و ئەرکی شۆردن و کفنکردنی مردوەکانیش لە ئەستۆی خۆیانە و پێش ئەوەی تەرمەکان بخرێنە ناو تابوتەکان بە بەرگێکی ڕەش دایاندەپۆشن و لە ڕێوڕەسمێکی نامۆدا لەسەر ڕوناکی لایتی ئۆتۆمبێڵەکانیان بەرەو گۆرستانەکە بەڕێیان دەکەن. 



ئەبو سەجاد، سەرۆکی تیمەی ناشتنی قوربانیانی پەتای کۆرۆنا باس لە ئاستەنگییەکان و ئەو نەهامەتییانە دەکات کە ڕۆژانەی دوچاری کارەکەیان دەبێتەوە و دەڵێت: " تیمەکە زۆر جاربەدەست کەمی خۆبەخشانەوە دەناڵێنێت، بۆیە ناچاربووین پەنا بەرین بۆ دۆست، هاوڕێ و کەسی نزیکی خۆمان بۆ ئەوەی بێن یارمەتیمان بدەن، ئەو ڕێکارەش مەترسی خۆی هەیە، چونکە هەرکات ئەو کەسە نزیکانەمان توشی پەتاکە بن ئەوە دەکەوینە بەر گلەیی و گازندەی کەسوکارمان".

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار بۆ ماوەیەکی زۆر لە کەسوکاریان دادەبڕێن و ناچنەوە ناویان، ئەوەش لەتەرسی ئەوەی نەوەک ڤایرۆسەکەیان بۆ بگوازنەوە . 

 

 ئەبو سەجاد دەشڵێت: "لە کاتی ناشتنی مردووەکان لەم گۆڕستانە ڕێگە بە کەسوکاری قوربانییەکان دەدرێت لەدورەوە ڕێکاری ناشتنی کەسەکانیان ببینن".

وتیشی، مردووەکان لەهەر ئاین و ئاینزایەک بن بەپێی توانا هەوڵدەدرێت نوێژ و ڕێوڕەسمی ئاینیان بۆ بکرێت لە کاتی ناشتنیاندا و تائێستا دوو قوربانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە هاووڵاتییە مەسیحییەکان لەو گۆڕستانە ناشتووە بە گوێرەی مەراسیمی ئاینی کریستیانی.