گه‌ڕان

Shadow Shadow
القائمة الرئيسية كوردي

تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی مردنی ’’ناپێویست’’ لە جیهاندا

2020.06.02 - 18:21
تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی مردنی ’’ناپێویست’’ لە جیهاندا

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هوشداری دەدات لە زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا بۆ بنبڕکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەخت دەکاتەوە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لە زۆربەی وڵاتە کەمدەرامەتەکاندا فەرامۆشکراون، ئەوەش ئاستی مردنی زیاتر کردووە.

 

تیدۆر ئەدهانۆم، بەڕێوەیەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ڕایگەیاند: "نیگەرانییەکان لەبارەی بەرگری چەند جۆرە بەکتریایەک لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ بەڕۆژ زیادەکات ".

 

وتیشی: "بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە دژە بەکتریان لەلایەن پزیشکانەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی پەتای کۆرۆنایان هەیە ئەنجامێکی نەرێنی هەیە و دەبێتە هۆکاری زیادبوونی بەرگریکردنی چەند بەکتریایەک دژ بەو چارەسەرانە کە ئەوەش وادەکات ڕێژی مردن زیاد بکات".

 

ئەدهانۆم ئەوەشی ڕوونکردەوە، ژمارەیەکی کەم لە توشبووانی پەتای کۆرۆنا پێویستیان بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە هەیە، ئەوەش لە کاتی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی هەوکردنی بەکتریادا. 

 

بەڕێوەیەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی لەوەشکردەوە کە نابێت ئەو جۆرە دەرمانانە بەشێوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت، چونکە لە ئێستا و لە داهاتووشدا کێشەیەکی دیکە بۆ جیهان دروست دەکات، لە بری ئەوەی ئەو جۆرە بەکتریا کوشندانە بەرگری دژ بە ئەو جۆرە چارەسەرانە پەیدا دەکەن، ئەوەش دەبێتەهۆی مردنی مرۆڤەکان بەشێوەیەک ناپێویست.

 

دەشڵێت: "ئەو چارەسەرانە فریادڕەسی مرۆڤەکانە دژ بە بەکتریا، لەهەندێ وڵاتی کەمدەرامەت ئەو جۆرە چارەسەرانە دەست ناکەوێت، بۆیە نابێت بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

 

 ڕاوەستاندنی چارەسەری نەخۆشی نەگوازراوەکان

بەگوێرەی ڕووپێوێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە 155 وڵاتی جیهانی گرتووەتە خۆی، دەرکەوتووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دوچاری گرفت بوونەتەوە.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هۆشداری داوە لەوەی سەرقاڵبوونی وڵاتانی جیهان بە قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا وابکات ئەو مرۆڤانەی کە بەدەست نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێن وەک پێویست بەراورد بەجاران چارەسەر و دەرمانی ئەو نەخۆشییانەیان بەردەست نەبێت، ئەوەش وادەکات ئەو توێژە زیاتر دوچاری توشبوون بە نەخۆشییەکە ببنەوە و ببن بە قوربانی ڤایرۆسەکە.  

 

 ڕوپێوەکە کە ماوەی سێ هەفتەی خایاندوە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ئەنجامدراوە، ئەوەی دەرخستووە: "وڵاتە کەمدەرامەت و هەژارەکان هاووڵاتییە توشبووەکانیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان (نەگوازراوەکان) زیاتر دوچاری مردن دەبنەوە".   

 

بە گوێرەی ڕوپێوەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 155%ی ئەو وڵاتانەی کە ڕوپێوییەکە گرتوویانیەتەوە، بەدەست کەمی چارەسەری  بەرزبوونەوەی فشاری خوێنەوە دەناڵێنن و 49%ی ئەو وڵاتانش گرفتیان هەیە لە دابینکردنی چارەسەری نەخۆشی شەکرە، لە 31%یش تەنها بۆ حاڵەتە هەستیارەکان  چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە فەراهەم دەکەن.

 

مەترسییەکانی گردبوونەوە

تیدۆر ئەدهانۆم، بەڕێوەیەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، جەنجاڵی و گردبوونەوەی مرۆڤەکان لە سەردەمی کۆرۆنا بە مەترسیدار وەسفکردوە و داوایکرد مرۆڤەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە لە هەموو جۆرە تێکەڵبوونێک دوربکەونەوە و بەشێوەیەکی ڕاست و دروست مەودای سەلامەتی بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا ڕەچاو بکەن.

 

 وتیشی: "ئەوانەی پلان دادەنێن بۆ ئەنجامدانی هەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری دەبێت بە شێوەیەکی باش هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەنگاوە وئەو مەترسییانەی لێدەکەوێتەوە بکەن".