گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى ئاشکراکردنى لەلایەن ناس کوردەوە

وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتێکی ناس کوردی پشتڕاستکردەوە.. بۆچی تیمى تەندروستى لە سنورى باشماخ نەماوە؟

2020.06.02 - 16:14
وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتێکی ناس کوردی پشتڕاستکردەوە..  بۆچی تیمى تەندروستى لە سنورى باشماخ نەماوە؟

ناس کورد-

حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا لێکۆڵینەوە بکات لە هۆکارى بڵاوبوونەوەى خێراى کۆرۆنا لە سنورى پێنجوێن، بەتایبەتى نەگرتنەبەرى رێکارى تەندروستى بۆ ماوەى نزیکەى زیاتر لە 10 رۆژ لە خاڵى سنورى باشماخ لەسنورى ئەو قەزایە.

 

دوێنێ ناس کورد لەزارى لیوا مەریوان شێخ کەمال بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخەوە ئاشکرایکردبوو، ماوەی نزیکەی 10 رۆژە هیچ تیمێکی تەندروستی بۆ "پێوانی پلەی گەرمی" لە دەروازەکە نەماوە، سەرەڕاى ئەوەى چەندین جار داوای تیمى تایبەتیان کردبوو.

 

رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمرۆ دواى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى کۆرۆنا لە هەولێر ڕایگەیاند، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانى زۆربوونى توشبوو لە پێنجوێن و سلێمانى، لاوازى رێکارەکانى خۆپاراستن بووە لە خاڵى سنورى باشماخ.

 

وتیشى "لەکۆبوونەوەکەدا وەزیرى تەندروستى و پارێزگارى سلێمانى راسپێردران بەدواداچون لێکۆڵینەوە بکەن لەو بارەیەوە، ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەیە دەبێت رێکارى پێویست بگیرێتەبەر".

 

وەزیرى ناوخۆ پرسیارى ئەوەیکرد "بۆچى لە 14ى مانگى ڕابردووەوە تا دوێنێ و پێرێ تیمى تەندروستى لە سنورى باشماخ نەماوە، هۆکارەکەى چییە؟، دەبێت کەمتەرخەم سزا بدرێت".

 

زیاتر بخوێنەوە: ناس کورد ئاشکراى دەکات..ماوەی 10 ڕۆژە هیچ تیمێکی تەندروستی لە دەروازەی باشماخ نەماوە

 

نەمانی ئەو تیمە تەندروستییە لە دەروازەی سنوری باشماخ لەکاتێکدایە، رۆژى (یەکشەممە، 31ی ئایاری 2020)، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم 101 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەکەی ڕاگەیاند کە 51 حاڵەتیان لە قەزای پێنجوێنە کە دەروازەی سنوری باشماخی لێیە و هاوسنوری وڵاتی ئێرانە.