گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى ناوخۆ: پێداچونەوە بە بڕیارەکانى قەدەغەى هاتوچۆدا دەکرێت

2020.06.02 - 15:08
وەزیرى ناوخۆ: پێداچونەوە بە بڕیارەکانى قەدەغەى هاتوچۆدا دەکرێت

ناس کورد-

 

وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پێداچونەوە دەکرێت بەبریارى قەدەغەى هاتوچۆ، ئەوەش لەسەر داواى پارێزگارەکان بۆ ئەوەى ئاسانکارى بکەن بۆ هاوڵاتیان.

 

ئەو وتانەى رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ دواى کۆوبونەوەى لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا هات لە هەرێمى کوردستان کە بەبەشدارى پارێزگارەکان بەرێوەچوو، دواى ئەو ناڕەزاییانەى لەسەر قەدەغەى هاتوچۆ سەریهەڵدا.

 

 وەزیرى ناوخۆ وتى "پارێزگارەکان داواى دەسەڵاتیان کردووە بۆ ئەوەى ئاسانکارى بکەن بۆ هاوڵاتیان و کردنەوەى هەندێک لە شوێنەکان، ئێمەش ڕەزامەندیمان لەسەر ئەوەدا".

 

وتیشى "قەدەغەى هاتوچۆى نێوان شارەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام پارێزگارەکان دەتوانن بەپێی مەرج و رێنمایی و وەرگرتنى بەڵێننامە ئاسانکارى بکەن بۆ کردنەوەى بەشێک لە شوێن و دوکانەکان".

 

جەختیشیکردەوە، پێدانى دەسەڵات بە پارێزگارەکان پەیوەستە بەوەى ئەو کەسانەى رێگەیان پێدەدرێت شوێنەکانیان بکەنەوە، ئیجرائاتى توندیان لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر پابەند نەبن بە رێنماییەکان.

 

"ئەگەر هاوڵاتیان پابەندنەبن بە رێنماییەکانى خۆپارێزى، پێشبینى دەکرێت ژمارەى توشبووان و مردووان زیاد بکات" وەزیرى ناوخۆ وایوت.

 

پێداچونەوە بە بریارى قەدەغەى هاتوچۆ دواى کەمتر لە رۆژێک هات لە ڕاگەیاندنى قەدەغەى تەواوەتى هاتوچۆ کە بریارە تا شەشى ئەم مانگە بیخایەنێت.

 

بڕیارەکە شەوى ڕابردوو لەگەڵ چونە بوارى جێبەجێکردنیەوە ناڕەزایی لێکەوتەوە، شەوى رابردوو و ئەمرۆش بەشێک لە کاسبکارانى سلێمانى و ناوچەکانى دەوروبەرى گردبونەوە و داوایانکرد دوکانەکانیان بکەنەوە.

 

وەزیرى ناوخۆ جەختیکردەوە، کە نیازى درێژکردنەوەى قەدەغەى هاتوچۆیان نییە لەدواى ئەوەى لەشەشى ئەم مانگە کۆتایی دێت.