گه‌ڕان

Shadow Shadow

دەسەڵاتی کەمتەرخەم و کولتووری دواکەوتوو تێکەڵەیەکی ترسناکن

2020.06.02 - 13:54

ئالان م. نوری

لەگەڵ هێورکردنەوەی رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورخستن لە عێراق و کوردستاندا، حاڵەتە دۆزراوەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی ترسناک زیادیان کرد. ئامارە فەرمییەکانی عێراق دوێنێ 429 حاڵەتی نوێی دۆزراوەیان راگەیاند لە هەموو وڵاتدا. ئەمەش دەکاتە نزیکەی 15 ئەوەندی دۆزینەوەی رۆژانە لە 15 نیساندا کە دەکرێت دابنرێت بەو رۆژەی رێوشوێنەکان بە شێوەیەکی پراکتیکی لە عێراقدا هەڵگیران و دەسەڵاتە ئیدارییەکان رێیاندا بە خەڵک چۆنیان بوێت وەها یەکتر تووش بکەن. بڕوانە هێڵکاریی فەرمیی ژمارەی تووشبووانی رۆژانەی نوێ لە عێراقدا:

 

یەکێک لە سیفەتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتا ئەوەیە کە ئاکامەکانی هەر بڕیارێکی دەسەڵاتە تەندروستی و ئیدارییەکان، یان هەر گۆڕانێک لە نۆرمی هەڵسوکەوتی رۆژانەی خەڵک، بەلای کەمەوە ماوەی هەفتەیەکی پێدەچێت تا لە ژمارەی تووشبواندا رەنگ بداتەوە. 

 

واتە لە 15 ی نیسانەوە تا 22 ی نیسان (هەفتەیەک دوای هەڵگرتنی رێوشوێنەکان) گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ژمارەی تووشبووانی دۆزراوەی رۆژانە رووی نەدا. ئەمە لەلای سیاسییە نەفامەکانی وڵات و پاشان خەڵک بە گشتی، تەنها بە یەک جۆر لێکدرایەوە: ژمارەی تووشبوون بە رێوشوێنەکانەوە = ژمارەی تووشبوون بەبێ رێوشوێنەکان. کەواتە رێوشوێنەکان بۆ وڵاتی ئێمە زیادن و پێویستمان بە بەرتەسککردنەوەی بژێوی و ئازادییەکانی هاووڵاتیان نییە! 

 

پەیتا پەیتا لە شار و شارۆچکەکان، دەسەڵاتی ئیداریی ئاهەنگی سەرکەوتنی بەسەر کۆرۆنادا رادەگەیاند و لە هەندێک شوێندا نەریتی قێزەونی "تەقەی خۆشی"ش بەکارهات و بووە مایەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی بەستەزمانیش. 

 

لەو ماوەیەدا بوارە جیاجیاکانی سۆسیال میدیا پڕ بوون لە شرۆڤەکاری گەلحۆ کە دیانویست بۆ هاووڵاتی عێراق و کوردستانی بسەلمێنن ئێمە میللەتێکین کۆرۆنا کارمان تێناکات چونکە نەوەکانی پێغەمبەری ئیسلام خۆشیاندەوێین. یان پێمان گوترا کە کۆرۆنا درۆیەکی دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان بوو بۆ لەخشتەبردنمان. یان ئەگەر بازنەی پلانگێڕیی جیهانی زۆر قابیلی بڕواپێکردن نەبێت، ئەوا بازنەی پلانەکە بچوکتر کرایەوە بۆ پلانگێڕیی حکومەتی هەرێم بۆ خۆدزینەوە لە دابەشکردنی مووچە. 

 

خەڵکیش کاتێک سیاسیی کاڵفام و خەڵکی کاریگەری سۆسیاڵ میدیای لەوان کاڵفامتر، وایان پێبڵێن، ئەوا ئەوانیش ناهەقیان نییە، بە مانگێک، بگەنە ئەو رایەی کە "کۆرۆنا فشەیە!"

 

دوو هەفتە دوای "سەرکەوتن بەسەر کرۆنادا" ژمارەی کەیسە چالاکەکانی تووشبووان گەیشتەوە بە خراپترین کاتی مانگەکانی پێشووی عێراق، و لەو کاتەوە بە دواوە، بە کەمتر لە مانگێک کەیسە چالاکەکان گەیشتن بە نزیکەی 5 ئەوەندی خراپترین کاتی پێشوو.

 

دوێنێ، 1ی حوزەیران، بە ناچاری، دەسەڵاتە تەندروستی و ئیدارییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بڕیاریاندا قەدەغەکردنی تەواوی هاتووچۆ دووبارە بسەپێننەوە لە گشت شارەکاندا. هەمان رێوشوێنیش لە گەلێک شاری سەرەکیی عێراق، بەتایبەتی بەغدای پایتەخت دستپێکرا.

 

لەبەر ئەوەی هەمووی مانگێک نابێت "ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا"مان گێڕابوو. سەپاندنی رێوشوێنەکان ئەمجارە چەندین جار قورسترە لە جاری پێشوو. هەر دوێنێ شەو لە گەلێک شار و شارۆچکەی پارێزگای سلێمانیدا خۆپیشاندانی خۆڕسک دەستیان پێکرد.

 

پێش ئەوەی بکەوینە هەڵەی تاوانبارکردنی خۆپیشاندەران بە نەفامی ، دەبێت ئەوە لای هەموو لایەک ئاشکرا بێت کە ئەگەر هیچ کات دڵەڕاوکێ بەرامبەر ترسناکیی پەتاکە لە ئارادا نەبووبێت، ئێستە لای زۆربەی هاووڵاتیان ئاشکرا بووە کە ئەم پەتایە مەترسییەکی راستەقینەیە. 

 

لە پاڵ ئەوەشدا هیچ هاووڵاتییەک بە ناوی پاراستنی ئازادیی تاکەکەسی لە تووشکردنی زۆرترین خەڵک بە پەتاکە نەهاتۆتە سەر جادە. ئەوان دژی توندوتۆڵکردنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی خۆپیشاندانیان نەکردووە، بەڵکو لە دژی فەرمانی قەدەغەی هاتوچۆ و بەرتەسککردنی بژێوی و ئازادییەکان بەبێ هیچ رێوشوێنێک بۆ زەمانکردنی بژێویی خەڵک هاتوونەتە سەر جادە.

 

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی بە ناوی کۆمەڵپارێزی ئازادییەکان، بەتایبەتی ئازادیی هەرە سەرەکی، کە ئازادیی بەدەستهێنانی بژێوییە، بەرتەسک دەکاتەوە، مافی خەڵکە داوای زامنکردنی لانی کەمی ئەو بژێوییە لە دەسەڵاتە ئیدارییەکان بکەن! ئەمە بە روونترین دەستەواژە داواکانی خەڵکی شارەکانە، نەک ئازادیی یەکتر تووشکردن بە پەتایەکی کوشندە.

 

نەفامیی خەڵک نییە کە کولتووری دواکەوتووی تەسلیم بوون بە "قەدەر"ی وەک رێگەچارەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنای لێکەوتبێتەوە. جەڵک نین دەڵێن لێمانگەڕێن یەکتر تووشبکەین و ئەوەی رۆژی تەواونەبووبێت نامرێت. ئەوە ناکارامەیی و خەوە ئایدیۆلۆژییەکانی دەسەڵاتدارانمانە کە نایانەوێت هیچ بەرپرسیارییەکیان هەبێت بەرامبەر بژێویی خەڵک نەوەک "یاسا گەردوونییەکان"ی "بازاڕی ئازاد" لەق ببن. ئەوە ئەوانن بە خەڵک دەڵێن، لە هەڕەتی قەیرانی ئابووری و سیاسیدا هیچ پلانێکمان نییە و گەر بۆشمان بچێتەسەر مووچەش بە هاووڵاتیانی موستەهەق نادەین. ئەوجا خوای گەورە هەموو لایەک بەپێی ئیمانی بپارێزێت، چونکە مەسەلەکە لە دەستی عەبد دەرچووە.

 

کولتووری قەدەرییەت بۆیە زاڵە، چونکە هەموو تواناکانی دەوڵەت لە عیراقدا بەتاڵ کراونەتەوە و سیاسییە چڵێسەکانمان ئامادە نین لەوبارەیەوە هیچ شتێک بکەن بۆ بووژانەوەی هیوا بە دواڕۆژ لای هاووڵاتیان. ئەم قەدەرییەتەی  لەناو خەڵکدازاڵە، قارچک نییە لە خۆیەوە هەڵتۆقابێت، بەڵکو دەرهاویشتەی بێهیواییەکی ترسناکە.

 

ئەی سیاسی و شرۆڤەکارە بلیمەتەکانمان، پێش ئەوەی خەڵکی تووڕە بە کەمتەرخەمی و بێباکی و نامەسئولییەت تۆمەتبار بکەن،  فەرموون نامەی ئەعمالتان بەراورد بکەن بە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ئیداریی هەر ئەزموونێکی سەرکەوتوو لە بەرەنگاریی کۆرۆنادا. ئەوجا پێمان بڵێن ئامادەن چی بکەن؟