گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى کشتوکاڵ لەبارەى قەدەغەى هاتوچۆوە داوایەک ئاڕاستەى حکومەت دەکات

2020.06.02 - 11:53
وەزارەتى کشتوکاڵ لەبارەى قەدەغەى هاتوچۆوە داوایەک ئاڕاستەى حکومەت دەکات

ناس کورد-

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا لە ئەنجومەنى وەزیران دەکات ئاسانکارى بکات بۆ هاتووچۆى جوتیاران، تا بچنە سەر کێڵگەکانیان، لەکاتێکدا قەدەغەى تەواوەتى هاتووچۆ چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

وەزارەتەکە ئەمڕۆ (سێشەممە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دوای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ وەك رێكارێكی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ، كێشەی چونى جوتیاران بۆسەر كێڵگە و پڕۆژەكانیان دروست بووە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا وەرزی دروێنە و پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییە، ئەم قەدەغەیە كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر بەرهەم.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راپۆرتێكمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی ئاسانكاری لە هاتووچۆی ئێوە بكرێت بۆ ئەوەی زیان بەر بەرهەماكانتان نەكەوێت".

 

وەزارەتی كشتوكاڵ جەختیکردووەتەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی هاتووچۆی جوتیار و خاوەنكارانی پڕۆژە كشتوكاڵیەكانن، دواتر  ئاگاداریان دەكەنەوە لە دەرئەنجامی چارەسەركردنی كێشەكە.

 

بەپێی بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ، لە ئێوارەى دوێنێوە قەدەغەى هاتوچۆى تەواوەتى لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیەنراوە کە تا شەشى ئەم مانگە دەخایەنێت، ئەوەش دواى ئەوەى ئامارەکانى توشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا رووى لە بەرزبوونەوە کردەوە.