گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى مشتومڕەکان لەسەر لێدوانەکەى

وەزیرى بەرگرى بڕیاریدا بە داخستنى هەژمارى فەرماندەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

2020.06.02 - 10:21
وەزیرى بەرگرى بڕیاریدا بە داخستنى هەژمارى فەرماندەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ناس کورد-

وەزیرى بەرگرى عێراق فەرمانیکرد هەژمارە فەرمى و تایبەتەکانى وەزارەتەکەیى و فەرماندە ئەمنیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخرێن، دواى ئەو مشتومڕانەى لەبارەى لێدوانێکییەوە دروستبوو.

 

جومعە عناد، وەزیرى بەرگرى عێراق و وەزارەتەکەى، شەوى ڕابردوو دوو رونکردنەوەیان بڵاوکردەوە لەبارەى قسەیەکى وەزیرەوە کە وتبووى "داعش رێکخراوێکى سووننى توندڕەوە و 80%ى چەکدارەکانى خەڵکى ناوچە سونییەکانن".

 

وەزیرى بەرگرى جەختیکردووەتەوە، قسەکانى لە سیاقى خۆى دەرهێنراوە و ئەو باوەڕى تەواوى بەوە هەیە کە ناکرێت تیرۆر لە مەزهەب و ئاینێکدا کورتبکرێتەوە.

 

دواى رونکردنەوەکان، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکى دەنگى بەرپرسێکى وەزارەتى بەرگرى بڵاوبووەوە لەبارەى داخستنى هەژمارە فەرمى و تایبەتەکانى وەزارەت و فەرماندەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

بەپێی تۆمارە دەنگییەکە، عەمید یەحیا رەسول بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ڕاگەیاندنى وەزارەتەکە دەڵێت، وەزیرى بەرگرى فەرمانى داخستنى سەرجەم هەژمارەکانیداوە، هۆشداریشیداوە کە پابەندنەبوون بەو فەرمانە کاردانەوەى بەدوادا دەبێت.

 

وەزارەتى بەرگرى عێراق پێشتر هۆشداریدابوو لە بڵاوبوونەوەى هەژمارى ساختە و وەهمى لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە زانیارى ناڕاست بەناوى فەرماندە ئەمنییەکان و وەزیرى بەرگرییەوە بڵاودەکەنەوە.