گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرجەم ئەمریکییەکان دەپارێزم

ترەمپ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى شەقام هۆشدارى بڵاوەپێکردنى سوپا دەدات 

2020.06.02 - 08:49
ترەمپ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى شەقام هۆشدارى بڵاوەپێکردنى سوپا دەدات 

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا جەختیکرەوە لەسەر پێویستى بەدیهێنانى دادپەروەرى لە رووداوى کوشتنى جۆرج فلۆید هاووڵاتى رەشپێستى ئەمریکا لەلایەن پۆلیسەوە، هەڕەشەى بڵاوەپێکردنى سوپاشى کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بارودۆخەکە.

 

ترەمپ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، زۆرێک لە ویلایەت و حاکمەکان شکستیان هێناوە لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پاراستنى هاووڵاتیان، بەشێوەیەکى وەحشیگەرانە هێرش کراوەتە سەر خەڵک لە نیویۆرک و دالاس "ئەوەش جموجۆڵى ئاشتیخوازانە نییە، بەڵکو تیرۆرى ناوچەییە کە دەیانەوێت خوێن بڕێژن، ئەوەش تاوانە".

  

ترەمپ بەڵێنیدا سەرجەم خۆپیشاندەران بپارێزێت و وتى "من سەرۆکى هەموو ئەمریکیەکانم، لەپێناو پاراستنى خۆپیشاندەران و یارمەتیدانیان دەجەنگم".

 

وتیشى "ئێمە ئاشتیمان دەوێت نەک پاشاگەردانى و فەوزا، دادپەروەرى نەک رق و کینە، ئەوەش ئەرکى ئێمەیە".  

 

ترەمپ هەڕەشەى بڵاوەپێکردنى هێزى سەربازى کرد بەهۆى هێرشکردنە سەر دوکان و شوێنە بازرگانییەکان "سەرجەم هێزە فیدراڵییە مەدەنى و سەربازییەکان بڵاوەپێدەکەم بۆ وەستاندنى ئەو کارانە و پاراستنى ئەمریکییەکان ئەوەش بەپەلە جێبەجێدەکرێت بۆ کۆتایی هێنان بەو فەوزایەى ئێستا".

 

هەروەها داواى لە حاکمى ویلایەتەکان کرد پاسەوانى نیشتیمانى بڵاوەپێبکەن بۆ کۆنترۆڵکردنى شەقام، "ئەگەر ئەو کارە نەکەن و رێوشوێنى پێویست نەگرنە بەر، سوپاى ئەمریکا بڵاوەپێدەکەم و بەخێرایی کێشەکە چارەسەر دەکەم".