گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

بۆیەکەمجار دوو ئامارى دڵخۆشکەر لەئیتاڵیا و ئیسپانیاوە لەبارەى کۆرۆناوە

2020.06.01 - 22:03
بۆیەکەمجار دوو ئامارى دڵخۆشکەر لەئیتاڵیا و ئیسپانیاوە لەبارەى کۆرۆناوە

ناس کورد-

 

ئیتاڵیا کەمترین ژمارەى توشبوونى رۆژانەى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارکرد  لە ماوەى زیاتر لە سێ مانگدا، ئیسپانیش هیچ حاڵەتێکى گیان لەستدانى بەو ڤایرۆسە تۆمارنەکرد لەماوەى 24 کاتژمێردا، بۆیەکەمجار لەماوەى سێ مانگدا.

 

بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، لەماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا 178 توشبووى نوێ تۆمارکراوە، کە کەمترین ژمارەى توشبوونى رۆژانەیە لە 26ى شوباتەوە تا ئێستا.

 

بە تۆمارکردنى ئەو ژمارەیە نوێیەى توشبووان، کۆى ژمارەى توشبووان بۆ 233,197 حاڵەت بەرزبووەتەوە.

 

هەر بەپێی ئامارەکان، لەماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا ژمارەى گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە لە ئیتاڵیا کەمبووەتەوە و لەسەرتاسەرى ئەو وڵاتە 60 حاڵەتى گیان لەدەستدان تۆمارکراوە، بەوەش ئامارەکە بۆ 33475 حاڵەت بەرزبووەتەوە. هەروەها 424 توشبوو لە ژورى چاودێرى چڕدان، ئەوەش بەراورد بە رۆژانى پێشوو کەمترە.

 

ئیسپانیا

 

لە ئیسپانیا یەکێک لە وڵاتە زیانمەندەکانى کۆرۆنا لەسەر ئاستى جیهان، لەماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکى گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە تۆمارنەکراوە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەماوەى سێ مانگدا.

 

فيرناندو سيمون  بەڕێوەبەرى سەنتەرى حاڵەتە تەندروستییە لەناکاوەکان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا وتى "ئامارەکانى ئەمڕۆ ئاماژە بە هیچ حاڵەتێکى گیان لەدەستدان ناکەن بەهۆى ڤایرۆسەکەوە، ئەوەش ئاماژەیەکى  زۆر ئیجابییە".

 

ئیسپانیا لەسێى ئازارەوە رۆژانە حاڵەتى مردن بەکۆرۆناى تێدا تۆمارکراوە، لەو کاتەوە کە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە تۆمارکراوە.

 

لەکۆى گشتیدا، ئیسپانیا کە لەناو زیاندمەندترین وڵاتاندایە بەهۆى کۆرۆناوە، 27127 حاڵەتى گیان لەدەستدان و 239,638 توشبوو تێیدا تۆمارکراوە.