گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

ڕوسیا دۆزینەوەى دەرمانێکی ڕاگەیاند کە ’’لە چوار ڕۆژدا توشبووانی کۆرۆنا’’ چارەسەر دەکات

2020.06.01 - 21:17
ڕوسیا دۆزینەوەى دەرمانێکی ڕاگەیاند کە ’’لە چوار ڕۆژدا توشبووانی کۆرۆنا’’ چارەسەر دەکات

ناس کورد- 

هەفتەى داهاتوو ڕوسیا دەست دەکات بە چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا بە یەکەم دەرمانى "پشتپێبەستراو" لەو وڵاتەدا، لە هەنگاوێکدا کە هیوابەخشە بۆ سوککردنى فشارەکانى سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و خێراکردنى پڕۆسەى گەڕانەوەى چالاکییە ئابورییەکان.

 

كيريل ديمتريف، سەرۆکى سندوقى نیشتیمانى ڕوسیا کە هاریکاریی دارایی تیمە تەندروستییەکانیان کردووە بۆ تاقیکردنەوە لەسەر دەرمانەکە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاند، نەخۆشخانەکانى ڕوسیا دەتوانن لە 11ى ئەم مانگەوە ئەو چارەسەرە دژى کۆرۆنا بەکاربهێنن کە بەناوى (ئەفيفافير) تۆمارکراوە.

وتیشى، کۆمپانیاى دروستکەرى دەرمانەکە بڕى پێویست بۆ چارەسەرى نزیکەى 60 هەزار نەخۆش لە مانگێکدا بەرهەمدەهێنێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، تائێستا هیچ ڤاکسینێک بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، تاقیکردنەوەکانیش لەسەر چەندین دەرمانى دژە ڤایرۆس لەو بارەیەوە بێ ئەنجام بوون.

دەرمانى (ئەفيفافير) لە کۆتایی نەوەدەکاندا لەلایەن کۆمپانیایەکى ژاپۆنییەوە پەرەى پێدرا، پاشان کۆمپانیاى "فوجى فيلم" کڕییەوە کاتێک چالاکیەکانى فراوانکرد بۆ پاراستنى تەندروستى.

ديمتريف وتى، "زانایانى ڕوسیا چەند گۆڕانکارییەکیان لە دەرمانەکەدا کردووە بۆ ئەوەى زیاتر کارابێت، مۆسکۆ ئامادەیە بۆ گواستنەوەى وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییانە بۆ لایەنى دیکە لەماوەى دوو هەفتەدا".

ژاپۆنیش تاقیکردنەوەى لەسەر هەمان دەرمان کردووە لەژێر ناوى "ئەفيجان"، شینزۆ ئابى، سەرۆکوەزیرانى یابان ڕایگەیاند حکومەت 128 ملیۆن دۆلارى تەرخانکردووە بۆ ئەو بوارە، بەڵام تا ئێستا دەرمانەکە بەکارنەهێنراوە بۆ توشبووان.

ناوى دەرمانى (ئەفيفافير) ڕۆژى شەممە خرایە لیستى دەرمانە پشتپێبەستراوەکان لەلایەن حکومەتى روسیاوە، بەوتەى ديمتريف تاقیکردنەوەکان لەسەر دەرمانەکە 330 کەس بەشداریان تێدا کردووە، لەزۆربەى حاڵەتەکاندا لەماوەى چوار ڕۆژدا چارەسەرى توشبووانى کردووە.

باسى لەوەشکردووە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێن، بەڵام وەزارەتى تەندروستى پشت بە دەرمانەکە دەبەستێت بەپێی رێوشوێنى تایبەت و خێرا، پڕۆسەى بەرهەمهێنانیشى لە مانگى ئازارەوە دەستیپێکردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە تاقیکردنەوە کلینکییەکان لەسەر کاریگەرى دەرمان چەند مانگێکى پێدەچێت، بەبەشدارى ژمارەیەکى گەورەى نەخۆش کە دەبێت بەهەڕەمەکى تاقیکردنەوەیان لەسەر بکرێت.

بەڵام بەرپرسەکەى روسیا وتى کە وڵاتەکەى وادەى تاقیکردنەوەکانى کورتکردووەتەوە، لەبەرئەوەى ئەو دەرمانە یابانییە کە لەبنەڕەتدا چارەسەرەکەى لەسەر پەرەپێدراوە لەساڵى 2014 تۆمارکراوە، بەقۆناغى گرنگى تاقیکردنەوەدا تێپەڕیوە پێش ئەوەى شارەزایانى روسیا گۆڕانکاری تێدا بکەن.

"ئیمە پێمانوایە ئەمە بنەماکانى یارییەکە دەگۆڕێت. فشار لەسەر سیستەمى تەندروستى کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ژمارەى ئەوانەى دۆخیان خراپە. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بۆ دەستکردنەوە بە چالاکى ئابورى تەواوەتى لە ڕوسیا".