گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

بەرگەی هێرشى ئەتۆمى دەگرێت

چەند نهێنییەکی ’’سەیر’’ لەبارەى حەشارگە پارێزراوەکەى ترەمپ لە ژێر کۆشکی سپی

2020.06.01 - 18:55
چەند نهێنییەکی ’’سەیر’’ لەبارەى حەشارگە پارێزراوەکەى ترەمپ لە ژێر کۆشکی سپی

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا گوازرایەوە بۆ شوێنى پارێزراوى نهێنى لەپشتەوەى کۆشکى سپى، ئەوەش بەهۆى هێرشى خۆپیشاندەران بۆ سەر کۆشکى سپى.

 

شوێنە پارێزراوە نهێنییەکە لەژێر کۆشکى سپیدایە و ناسراوە بە (PEOC) کە یەکێک لە پێگە پارێزراوەکانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنى سەرۆک و تایبەتە بە سەنتەرى بەڕێوەبردنى حاڵەتى لەناکاوى سەرۆکایەتى.

 

ئەوەى لەبارەى شوێنەکەوە زانراوە ئەوەیە، ئەو شوێنە دەکەوێتە پشت بەشى ڕۆژهەڵاتى کۆشکى سپى، هێشتا تەواوى زانیارییەکان لەبارەیەوە ئاشکرانەکراوە، بەڵام تواناى پارێزگارى هەیە لە هێرشى ئەتۆمى، ئەوەش بەپێی پێگەى کۆشکى سپى.

 

گەیشتن بەو شوێنە تەنها لەرێگەى ئەسانسۆرەوەیە کە دەکەوێتە پشت چەندین دەرگاوە کە بە سیستەمى بایۆمەترى کۆنتڕۆڵ دەکرێت، شوێنى لەخۆگرتنى گەورە نییە، بەڵام بۆ دەیان کەس دەشێت، دروستنەکراوە بۆ پارێزگارى لە سەرۆک بۆ ماوەیەکى درێژ، بەڵکو دەتوانرێت سەرۆک و جێگر و یاریدەدەرەکانى تێدا بپارێزرێت بۆ ماوەیەک تا بۆ پەناگەیەکى دیکە دەگوازرێنەوە.

 

پەناگەکە یەکەمجار لە ترسی هێرشى لەناکاوى نازییەکان دروستکرا، هارى ترومان، سەرۆکى ئەمریکا (1945 تا 1953) فراوانیکرد و نوێیکردەوە، دواتریش چەندینجار نوێکراوەتەوە، دوایەمینیان لە سەردەمى باراک ئۆبامادا بوو کە ناوچەکانى ژێر بەشى باکورى کۆشکى سپى گرتەوە بە بودجەى 376 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەپێی پێگەى "نيويورك پۆست" کە ساڵى 2017 بڵاویکردەوە.

 

لەرووداوەکانى 11ى سێپتەمبەرى 2001، جۆرج دەبلیو بۆش و دیک چینى جێگرى لەو شوێنە پارێزران و چەندین دیداریان لەگەڵ بەرپرسانى ئاسایشى نیشتمانى ئەنجام دا.

 

لورا بوش، خانمى یەکەمى ئەوکاتەى ئەمریکا لە یاداشتەکانیدا هەندێ وردەکاریی لەبارەى ئەو پێگەیەوە خستووەتەڕوو، کە چۆن لە دەروازەى گەورەوە تێپەڕیون و گەیشتوون بە رێڕەوى تایبەت لەژێر زەوى لەرێگەى ئەسانسۆرى تایبەتەوە، هەروەها ژورى کۆبوونەوەى گەورەى تێدایە.

 

ژورى کۆبوونەوەکان شوێنى نزیکەى 16 کەسى تێدا دەبێتەوە، کە شاشەى چاودێرى گەورەى تێدایە و پەیوەستن بە یەکەى ئەندازیارى سەر بە سوپاى ئەمریکا.

 

سەرۆک هەروەها دەتوانێت بگات بەو شوێنە لەرێگەى پلیکانەى نهێنى لەدەرەوەى نوسینگەى کۆشکى سپى کە پەیوەستکراوە بە شوێنى مانەوەى سەرۆکەوە.

 

ئەو پێگەیە پەیوەستکراوە بە ژێرزەمینى نهێنییەوە کە مێژوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1950، هەندێک دەڵێن ئەو شوێنە دەگات بە باڵەخانەى کاپیتۆل، ماڵى جێگرى سەرۆک، سەربازگەى دیفید، پنتاگۆن، بەڵام ئەو زانیارییانەى پشتڕاست نەکراونەتەوە.