گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە لیبیا چی دەگوزەرێت، حەفتەر دەیباتەوە یان سەراج؟

2019.04.13 - 23:07
App store icon Play store icon Play store icon
لە لیبیا چی دەگوزەرێت، حەفتەر دەیباتەوە یان سەراج؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس نیوز-سۆران ڕەشید

ئەمڕۆ (13ی نیسانی 2019) لە ناوچەى عەزیزییەى باشور تەرابلوسی پایتەخت، شەڕ و پێکدانی قورس لەنێوان هێزەکانى حکومەتى ئاشتەوایی نیشتیمانی لیبیا و هێزەکانى ڕۆژهەڵاتی لیبیا ڕوویدا. سەدان کەس کوژراو و برینداربوون، هەزارانیش ئاوارە، نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانى جیهانیش داوای وەستاندنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکەن.

ڕۆژی 4ی نیسانی 2019، هێزەکانى "ڕۆژهەڵاتی لیبیا" بە سەرۆکایەتى خەلیفە حەفتەر ئۆپراسیۆنێکیان لە هەردوو قۆڵی باشور و باشوری ڕۆژهەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەرابلوسی پایتەخت دەستپێکرد و شاری غەرەیانیان کۆنتڕۆڵکرد کە تەنها 100 کیلۆمەتر لە تەرابلوس دورە.

لەدوای هێرشەکانی حەفتەر، هێزەکانى حکومەتى ئاشتەوایی لە تەرابلوس ئۆپراسیۆنێکیان بۆ بەرپەچدانەوەى هێرشەکان دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکى دەوروبەری باشوری تەرابلوسیان لە چنکی هێزەکانى حەفتەر دەرهێنا.

 

 

ناوەندی شیکردنەوەى قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، لەڕووی سەربازییەوە هەردوولا یەکسانن و دەڵێت، بڵاوبوونەوەى ژمارەیەکى زۆر چەکدار یان دەستێوەردانی سەربازیی دەبێتە هۆی کارەساتێکى مرۆیی لە لیبیا.

بەشێکى زۆری کێڵگە نەوتییەکان لە ناوچەکانى ژێردەستى حەفتەدان. هەردوولا فڕۆکە و تانک و چەکی قورسان هەیە و ڕۆژانە بۆردومان و تۆپبارانى یەکتر دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستاندنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ دانوستان دەکات، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، حەفتەر گوێی لەو داوایە نەگرت کە پێی وترابوو "هێرش نەکاتە سەر تەرابلوس".

.

کێ و کێ شەڕیانە؟

دوای حەوت ساڵ لە ڕوخانی ڕژێمەکەى موعەمەر قەزافی و چەندین کێشە و ململانێی ناوخۆیی، لیبیا هێشتا دابەشکراوە، دوو بەرەی سەرەکی کێبرکێی دەسەڵات دەکەن لە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوتدا، یەکێکیان حکومەتى "ئاشتەوایی نیشتمانی"ـیە لە تەرابلوسی پایتەخت و فایز سەراج سەرۆکایەتى دەکات، ئەوی تریان حکومەتى هاوتەریبە کە "سوپای نیشتمانی لیبی"ـی بە سەرۆکایەتى خەلیفە حەفتەر سەرپەرشتی دەکات.

[caption id="attachment_67731" align="alignright" width="831"] وێنە: لای ڕاست: خەلیفە حەفتەر، لای چەپ: فایز سەراج[/caption]

کاتێک مانگی ئازاری ساڵی 2016، حکومەتى ئاشتەوایی نیشتمانی لە تەرابلوس ڕاگەیەنرا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانى جیهان بە فەرمی دانیانپێدانا.

سەرباری دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حکومەتەکەى سەراج، بەڵام حەفتەر لەلایەن چەند وڵاتێکەوە کە دەستیان هەیە لە گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانى گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا پیشتگیریی دەکرێت، ئەمە جگە لە چەند هۆکارێکى نێودەوڵەتیی و هەرێمی تر کە هەلێکى زێڕینە بۆ حەفتە تاوەکو بەرەو تەرابلوسی پایتەخت هەنگاو بنێت.

[caption id="attachment_67736" align="aligncenter" width="786"] نەخشەى دابەشبوونى دەسەڵات و هەژموونی هەردوولا[/caption]

لەوانەیە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییە پاڵنەرەکان بۆ هێرشەکەى حەفتەر چنینەوەى دەستکەوتی زیاتر بێت و بەکارهێنانێتی لە دانوستانەکانى "کۆنگرەى نیشتمانیی ئاشتەوایی لیبیا" بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان.

حکومەتەکەى تەرابلوس پشتی بە چەند هێز و لایەنێکى چەکداریی بەستووە بۆ پاراستنى ئاسایش و دامودەزگاکانى حکومەت و داواش لە ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کار بکات بۆ وەستاندنی هێرشەکانی حەفتەر بۆسەر تەرابلوس.

.

خەلیفە حەفتەر کێیە؟

حەفتەر (لەدایکبووی 1943) یەکێک بوو لەو ئەفسەرانەى کە موعەمەر قەزافی سەرکردایەتى دەکردن و پاشان لە ساڵی 1969 کودەتایان کرد بەسەر ئیدریس سنوسی پادشای لیبیا و گەیشتنە دەسەڵات.

دواتر قەزافی پاداشتی حەفتەری کرد و کردییە فەرماندەى گشتیی سوپا، ساڵی 1987 حەفتەر سەرۆکایەتى شەڕی لیبیای کرد لەدژى چاد، هەر ئەوەش بووە هۆی کەوتنی حەفتەر کاتێک لیبیا شکستێکى گەورەى هێنا و حەفتەر و 300 سەربازی لیبی بەدیل گیران.

حەفتەر دەیەوێت هەمان کاری عەبدلولفەتاح سیسی، سەرۆکى ئێستای میسر دووبارەبکاتەوە کاتێک لە ساڵی 2013دا کە وەزیرى بەرگریی بوو بە پشتیوانی سعودیە و ئیمارات توانی حکومەتى هەڵبژێردراوی ئیسلامییەکان بڕوخێنێت و خۆی ببێتە سەرۆک، حەفتەریش بە پشتیوانی میسر و ئیمارات دەیەوێت ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتی لیبیا دوربخاتەوە.

.

حەفتەر چۆن گەڕایەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی لیبیا؟

نزیکەى چوار دەیەیە حەفتەر لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی لیبیادا کەسێکى دیارە. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی لیبیا ساڵی 2011دا، خەلیفە حەفتەر گەڕایەوە لیبیا و بووە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، پاشان بوو بە فەرماندەى "سوپای نیشتیمانی لیبی".

دوای ماوەیەک لە دورکەوتنەوەى، لە شوباتی 2014دا حەفتەر گەڕایەوە ناو گۆڕەپان کاتێک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییەدا کە لە تەلەفزیۆنەوە پەخشکرا، پلانێکى بەناوی "ڕزگارکردنی وڵات" پێشکەشکرد و داوای لە لیبییەکان کرد دژى کۆنگرەى گشتیی نیشتمانی، کە پەرلەمانی هەڵبژێردراو بوو لەدوای ڕاپەرینی گەلی لیبیا، بوەستەنەوە. لەو کاتەدا، "کۆمەڵەى پشتیوانانی شەریعەت" کە گروپێکى چەکداریی ئیسلامی سەر بە قاعیدە بوو شاری بەنغازی کۆنتڕۆڵکردبوو کە دووەم گەورەترین شاری لیبیایە.

لە ئایاری 2014، هێزەکانى حەفتەر ئۆپراسیۆنى "کەرامە"یان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەنغازی و ناوچەکانى ڕۆژهەڵات لە ژێردەستى گروپە ئیسلامییەکان دەستپێکرد، حەفتەر سەرکەوتوو بوو لەوەى لە ئاستی وڵاتانى دەرەوەدا خۆی وەک دوژمن و شکێنەری ئیسلامییەکانی لیبیا بناسێنێت و هەر ئەوەش بووە هۆی بەدەستهێنانی پشتیوانی تەواوی میسر و ئیمارات.

دواتر هێرشی کردە سەر بینای پەرلەمان لە تەرابلوسی پایتەخت و ئۆپراسیۆنەکەشی بە ڕاپەڕین لەدژى "حکومەتێک لە ئیسلامییەکان بەڕێوەی دەبەن" ناوبرد.

لە ئازاری 2015دا، پەرلەمانێکى نوێی دروستکرد و خۆی بوو بە فەرماندەى گشتیی "سوپای نیشتمانی لیبیا" و دوای ساڵێکیش توانی لایەنە ئیسلامییە چەکدارەکان لە دەوروبەری بەنغازی دوربخاتەوە.

 

کێ پشتگیری حەفتەر دەکات؟

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، میسر و لیبیا هاوکاری سەربازیی حەفتەر دەکەن و ڕێککەوتننامەى قەدەغەکردنی چەکیان لە لیبیا پێشێلکردووە.

حەفتەر سودیشی لە ڕوسیا وەرگرتووە بەوپێیەى دراوی دیناری لیبی بۆ چاپکردووە تاوەکو لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتی لیبیا کە لەژێر دەستى حەفتەردایە بەکاریبهنێت.

هاوکات فەڕەنساش هاوکار و ڕاوێژی سەربازی و زانیاری هەواڵگری حەفتەر دەکات، بە تایبەت دوای ئەوەى ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا خەلیفە حەفتەری وەک سەرکردەیی حکومیی وڵات بانگهێشت کرد نەک وەک سەرکردەی هێزێکى چەکداریی.

 

فایز سەراج کێیە؟

ئەندازیار فایز سەراج (لەدایکبووی تەرابلوس، 20ی شوباتی 1960) ماستەری لە ئیدارەدانی پڕۆژەکاندا هەیە و وەک ڕاوێژکاری نەخشاندن و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان کاری کردووە، لە خێزانێکى ناوداری تەرابلوسە.

ئەندامی حزبی هاوپەیمانی نەتەوەیی نیشتمانیی تەرابلوس بووە، ڕۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2015 بۆ سەرۆکوەزیرانى حکومەتى ئاشتەوایی نیشتمانی پێشنیاز کرا، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنى نوێنەران بوو لە بازنەى تەرابلوس.

مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ و لەدوای ڕێککەوتننامەى سیاسیی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە سەرۆک وەزیرانى حکومەت ئاشتەوایی نیشتمانی هەڵبژێردرا.

دووجار لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە. بەپێی شیکردنەوەى میدیاکان، سەراج لە ئیخوان موسلمینەوە نزیکە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، قەتەر و تورکیا و سودان پشتگیریی سەراج دەکەن.