گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

کاتی یارییەکانی خولی ئیسپانی و ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەش دیاریکران

2020.06.01 - 14:52
کاتی یارییەکانی خولی ئیسپانی و ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەش دیاریکران

ناس کورد-

دەستەی خولی تۆپی پێی ئیسپانی کاتی یارییەکانی هەفتەی 28 و 29ی خولەکەی دیاریکرد و بەگوێرەی خشتەی یارییەکان کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە هەوادارانی تۆپی پێ بە یارییەکانی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدریدی ڕکابەری مێژووی یەکتر شاد دەبنەوە.

 

بڕیارە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 11ی حوزەیران یارییەکانی خولی ئیسپانیا بە یاری نێوان سیڤیلیە و ڕیاڵ بیتس لە کاتژمێر 10:00 بەکاتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

 

بەگوێرەی خشتەی یارییەکان کە دەستەی خولی ئیسپانیا بڵاویکردووەتەوە، لە ڕۆژی شەممە 13ی حوزەیرانیش، لە کاتژمێر 11:00 یانەی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مایۆرکا بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن و شەوی دواتریش واتە یەکشەممە 14ت حوزەیران، کاتژمێر 8:30 خولەک ڕیاڵ مەدرید و ئیبار ڕوبەرووی یەکتر دەبنەوە.

 

دەستەی خولی ئیسپانی ئاماژەی بەوەشکردووە، یارییەکانی هەفتەی 28 لەماوەی چوار ڕۆژدا تەواودەکرێن و دواتر ڕاستەخۆ و بەبێ وەستان لەڕۆژانی هەفتەکەدا یارییەکانی هەفتەی 29 ئەنجامدەدرێن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، خولی ئیسپانیا ڕاگیرا، خولەکە رکابەرییەکی بەهێزی تێدایە و بەرشەلۆنە بە کۆکردنەوەی 56 خاڵ لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەدایە و ڕیاڵ مەدریدی رکابەری مێژووییشی بە 54 خاڵ لە پلەی دووەمدایە.