گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

ئەگەر وانەبوایە زیاتر لەبڕی پێویستمان بەرهەمدەهێنا

وەزیری کارەبا: بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین کارەبای پێویست بەرهەمبهێنین

2020.06.01 - 14:12
وەزیری کارەبا: بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین کارەبای پێویست بەرهەمبهێنین

ناس کورد-

وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لەئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی کارەبایان نییە و نیوەی پێویستی بەرهەمدەهێنن، دەشڵێت، ئەگەر سوتەمەنی و پارەی پێویست بۆ سوتەمەنی هەبێت، زیاتر لە بڕی پێویست بەرهەمدەهێنن.

 

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، کەمال محەمەد، وه‌زیری كاره‌با ڕایگەیاند، هه‌رێمی كوردستان پێویستی بە 6700میگاوات كاره‌با هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سووته‌مه‌نی یان پاره‌ی پێویست بۆ كڕینی سوته‌مه‌نی بەردەستبێت، لە ئێستادا تەنها 3200 مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنرێت کە دەکاتە‌ نیوه‌ی بڕی پێویست، ئەگەر وه‌زاره‌تی سامانە سروشتییەکان سوتەمەنی پێویست دابین بکات، كێشه‌ی كاره‌با نامێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد : "له‌ ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یەدا بڕی‌ 1540 مێگاواتی دیكه‌ گرێبه‌ستمان كردووه، کە بریتین لە 500 مێگاوات له‌ خورماڵ،‌ 500 مێگاوات له‌ بازیان، 165 مێگاوات له‌ گه‌رمیان و هەروەها 300 مێگاوات كاره‌با به‌ ڕێگه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئوستوڕاڵی و 75 مێگاوات كاره‌بای وزه‌ی خۆر،‌ به‌و پێیه‌ش كاره‌بای به‌رهه‌م هاتوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته‌ سه‌رووی 8000  مێگاوات، ئەمە له‌ كاتێكدایە کە خواستی هه‌رێم له‌م وه‌رزه‌دا 4200 مێگاواته‌ و له‌ زستاندا ده‌گاته‌ 6500 مێگاوات".

 

سه‌باره‌ت بەوەی كه‌ ئایا بۆچی تا ئێستا ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌، وه‌زیری كاره‌با باسی لەوەکردووە، به‌ هۆی قه‌یرانی كورۆناوه‌ له‌ ئێستادا نه‌ سووته‌مه‌نی پێویست هه‌یه‌ و نه‌ پاره‌كه‌ به‌رده‌سته‌.

 

هاوکات کەمال محەمەد دڵنیایی ده‌داتە هاووڵاتییان كه‌ دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ ڕه‌وشی كاره‌با زۆر به‌ره‌و باشتر ده‌چێت و ده‌ڵێت: "ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌ جددی كار له‌سه‌ر باشترکردنی كاره‌با كردووه‌ و‌ خۆمان بە خاوەنی‌ كێشه‌كان دەزانین و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ چارەسەرکردنیان".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی کاری كابینه‌ی نۆیه‌م، کابینەکە کار بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و بەهەدەرنەدان و دابەشکردنێکی پێشکەتوو و گونجاوی کارەبا دەکات.