گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد ئاشکراى دەکات..ماوەی 10 ڕۆژە هیچ تیمێکی تەندروستی لە  دەروازەی باشماخ نەماوە

2020.06.01 - 10:58
ناس کورد ئاشکراى دەکات..ماوەی 10 ڕۆژە هیچ تیمێکی تەندروستی لە  دەروازەی باشماخ نەماوە

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لەدوای تۆمارکردنی 51 حاڵەتی کۆرۆنا لە قەزای پێنجوێن، بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ لەو قەزایە دەڵێت، ماوەی نزیکەی 10 رۆژە هیچ تیمێکی تەندروستیی بۆ "پێوانی پلەی گەرمی" لە دەروازەکە نەماوە، دەشڵێت، چەندین جار داوای تیمی دیکەیان کردووە، بەڵام تەنها وتویانە "بەسەرچاو".

 

لیوا مەریوان شێخ کەمال، بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ماوەی نزیکەی 10 رۆژە ئەو تیمە تەندروستییەی کە پشکنینی پلەی گەرمی ئەو کەسانە دەکەن کە بە دەروازەکەدا تێدەپەڕن لە دەروازەکە نەماون".

 

وتیشی، زیاتر لە پێنج جار لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرو خۆیان و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیان ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت دەروازەکە بێ تیمی تەندروستی بێت و لە هەموو جارێکدا وتویانە "بەسەرچاو" بەڵام جێبەجێیان نەکردووە.

 

بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد: "لەڕووی ئیدارییەوە ئێمە هۆکاری ڕۆشتنی تیمەکەی پێشوو و نەبوونی تیمی دیکە نین، بەڵکو ئەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ئیدارەی پارێزگای سلێمانییەوە هەیە کە دەبوو ئەوە چارەسەر بکەن".

 

ئەو تیمە تەندروستییانە لە هەموو دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکاندا هەن و لەڕێگەی ئامێرێکەوە "کیت" پلەی گەرمی لەشی کەسەکان دەپێون، بەوپێیەی یەکێک لە سەرەکیترین نیشانەکانی کۆرۆنا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە و لەکاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی گوماناویدا کەسەکە پشکنینی دیکەی بۆ دەکرێت.

 

دروستبوونی ئەو کێشەیە و نەمانی ئەو تیمە تەندروستییە لە دەروازەی سنوری باشماخ لەکاتێکدایە، دوێنێ (یەکشەممە، 31ی ئایاری 2020)، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم 101 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەکەی ڕاگەیاند کە 51 حاڵەتیان لە قەزای پێنجوێنە کە دەروازەی سنوری باشخامی لێیە و هاوسنوری وڵاتی ئێرانە.

 

پێشتر لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ناس کورد، د. زانا حەمید، سەرپەرشتیاری تیمی پشکنینی کۆرۆنا لە سلێمانی ڕایگەیاند، گومان دەکەن ئەم شەپۆلەی دووەمی کۆرۆنا لە ئێران یاخود عێراقەوە هاتبێتەوە، بە پشتبەستن بەوەی لەکاتی کەمبوونەوەی حاڵەتەکاندا چوار هەزار پشکنینی هەڕەمەکیان وەرگرتووە و هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە، بەڵام دوای چەند هەفتەیەک ئەو ژمارە زۆرە تۆمارکرایەوە.

 

هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو دەروازە سنورییە کەرەنتین کرا و کارمەندێکی بەشی پەیوەندییەکانی دەروازەکە بە ناس کوردی وت: "بڕیاردراوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر دەروازەکە کەرەنتین بکرێت و لەدوای پاکژ کردنەوە پێدەچێت بە کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕێکاری نوێوە بکرێتەوە".