گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوا دەکرێ پێشێلكارى لە دامەزراندنەكانى كۆمسيۆنى هەڵبژاردنەكان رابگیرێت

2020.05.31 - 23:04
داوا دەکرێ پێشێلكارى لە دامەزراندنەكانى كۆمسيۆنى هەڵبژاردنەكان رابگیرێت

ناس کورد- 

پێنج فراكسيۆنى پەرلەمانى عێراق و پەرلەمانتارێك داوا لە هەرسێ سەرۆكايەتيەكەى عێراق دەكەن كە دەستوەردان بكەن بۆ وەستاندنى پێشێلكارى دەستوريى لە دياريكردنى بەڕێوەبەرەكانى كۆمسيۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لە پارێزگاكانى عێڕاق و هەرێمى كوردستانيش، هۆشداريش دەدەن لە پاشەكشەى زياترى هاوڵاتيان لە بەشداريكردن لە هەڵبژاردنەكان.

ئەو فراكسيۆن و پەرلەمانتارە "گۆڕان، يەكگرتوى ئيسلامى، كۆمەڵى ئيسلامى، ئایندە، سەربەخۆ، يوسرا ڕەجەب پەرلەمانتار لەسەر پشكى پارێزگاى سلێمانى" لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەيان بەوەداوە، بە نيگەرانيەكى قوڵەوە چاودێرى پرۆسەى دياريكردنى بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆكى بەشەكان و لقەكان و نوسينگەكانى كۆمسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان دەكەن بەتايبەتى لە هەرێمى كوردستان.

 

ڕونيشكراوەتەوە، بەپێى تێبينيەكانمان چەندين پێشێلكارى ياسايى و دەستوەردانى حزبى ئاشكراى تێدا كراوە و ئەو پێودانگانەى دانراون پەيڕەو نەكراون كە بريتين لە سەربەخۆيى و دەستپاكى و توانا و بێلايەنى، ئەوەش سەرەڕاى پرەنسیپى دەرفەتى يەكسان.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، بۆيە ڕودەكەينە ئێوە "سەرۆككۆمار، سەرۆكى پەرلەمان، سەرۆكى ئەنجومەنى وەزيران، نوێنەرى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان لە عێراق و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى" داواكارين دەستوەردان بكەن لەو پرۆسەيە كە ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنيش لە هەرێمى كوردستان ناڕەزايەتيان دەربڕيوە.

 

جەختیش كراوەتەوە، بەردەوامى ئەو ڕێوشوێنانە جێى قبوڵ نييە و پێشێلكارى دەستورييە و وەكو لێدانى خود وايە كە كۆمسيۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان پەيڕەوى دەكات لەكاتێكدا پێويستە نمونەى سەربەخۆيى تەواو بێت.

 

ئەو كوتلانە رونيشيانكردوەتەوە، ئەو ڕێوشوێنە هەڵە و نا بێلايەنيە دەبێتە هۆى لەدەستدانى متمانە بە هەر پرۆسەيەكى هەڵبژاردن كە لەسەر ئەو ڕێوشوێن و دامەزراندن و گواستنەوە پشككاريە حزبيە بنياد نراوە، هەروەها دەشبێتە هۆى ئەوەى هاووڵاتيان زياتر و زياتر لە بەشداريكردن لە پرۆسەى دەنگدان پاشەكشە بكەن هەروەك لە هەڵبژاردنى پێشوو بينرا.

 

لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سوريشن لەسەر ڕاستكردنەوەى ڕێچكەى كۆمسيۆن و سوربون لەسەر سەربەخۆيى بەهەموو رێوشوێنەكان و ڕێگە بەردەستەكان لەوانەش پەرلەمان و دەزگاكانى ڕاگەياندن و ميللەت، ئەوەش لەپێناو پاراستنى پرۆسەى هەڵبژاردن كە بەهۆى نا بێگەردى و ساختەكاريەوە هەڵبژاردنەكانى ساڵى 2018 بوە هۆى لەدەستدانى متمانەى هاووڵاتيان بە پڕۆسەى سياسى و شەرعيەتى دامەزراوەكانى فەرمانڕەوايى لە عێراق.