گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى پێشووى ناوخۆ ڕاستییەک لەبارەى کوژرانى خۆپیشاندەرانەوە ئاشکراکرد

2020.05.31 - 21:50
وەزیرى پێشووى ناوخۆ ڕاستییەک لەبارەى کوژرانى خۆپیشاندەرانەوە ئاشکراکرد

ناس کورد-

وەزیرى پێشووى ناوخۆى عێراق ڕەتیکردەوە لایەنى سێیەم بونى هەبووبێت لە خۆپیشاندانەکاندا و تێوەگلابن لە کوژرانى خۆپیشاندەران، هەروەها وردەکاریی لێکۆڵینەوەى لیژنەیەکى حکومى بەسەرۆکایەتى وەزیرى پلاندانانى پێشوو ئاشکرادەکات.

یاسین یاسرى، وەزیرى ناوخۆ لە کاینەى پێشووى حکومەتى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکهێنرا لەسەر دۆسیەى کوشتنى خۆپیشاندەران بەسەرۆکایەتى وەزیرى پلاندانان و بەبەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە دەستە و رێکخراو و کەسایەتى و لیژنەکانى پەرلەمان، ئەنجومەنى دادوەرى، مافى مرۆڤ، فەرمانگەکانى دەوڵەت.

 

وتیشى "لیژنەکە ژمارەیەک لە ئەفسەرانى تۆمەتبارکردووە بە کوشتنى خۆپیشاندەران، بەشێکیان سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، هەروەک ئەوەى لە پارێزگاى واست روویدا".

 

یاسرى باسى لەوەشکردووە، دۆسیەکە بەتەواوەتى لاى دادگایە و ئەفسەرى پۆلیس و سوپا ئیدانە کراوە لەسەر ئەو تۆمەتە، کە بەشێکیان لە بەغدان.

 

سەبارەت بە لێدوانى وەزیرى پێشووى بەرگرى لەبارەى بوونى لایەنى سێیەم کە تێوەگلاوە لەکوشتنى خۆپیشاندەران، یاسرى وتى "ئەو دۆسیەیە بەتەواویی رەوانەى دادگا کراوە، گوێبیستى لێدوانى هیچ بەرپرسێک نەبووم لەبارەى بوونى لایەنى سێیەمەوە".

 

جەختیشیکردەوە، نوسراوى ئاڕاستەى سەرجەم فەرماندەکانى پۆلیس کردووە لەسەرجەم پارێزگاکان کە تەقەنەکەن و چەک هەڵنەگرن، لەکاتى بوونى هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکان.