گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامادەکاریی بۆ دابەشکردنى موچە دەکرێت

وتەبێژى حکومەتى هەرێم: گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنى نوێ لەگەڵ بەغدا هەیە

2020.05.31 - 20:37
وتەبێژى حکومەتى هەرێم: گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنى نوێ لەگەڵ بەغدا هەیە

ناس کورد-

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکاریی بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى شوباتى ئەمساڵ دەکەن، لێتێگەشتنى نوێش لەگەڵ بەغدا هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان.

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "حکومەت درێغى ناکات بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران، بەڵام داهاتى حکومەت بەڕێژەى 80% کورتهێنانى هەیە".

 

وتیشى "حکومەت بۆ موچەى مانگى یەکى ئەمساڵ قەرزیکردووە، هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى دوو، بۆ ئەوەش ئامادەکاریی دەکرێت، بەڵام کات و وادەکەى دیار نییە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی نوسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراق کە بەروارى 24ى ئەم مانگەى لەسەرە، 400 ملیار دینار خراوەتە سەر حسابی بانکى وەزارەتى دارایی هەرێم وەک شایستە داراییەکانى مانگى نیسانى ئەمساڵ.

 

لەبارەى دانوستانەکانەوە لەگەڵ بەغدا، وتەبێژى حکومەت باسى لەوەکرد، ئەوان پابەندبن بە لێکتێگەیشتنى کۆتایی ساڵى ڕابردوو لەگەڵ بەغدا، ئێستاش پابەندبن بەوەى بەپێی دەستور کێشەکان چارەسەر بکەن.

 

جەختیشیکردەوە، ئێستا کە حکومەتێکى تازە هاتووە گفتوگۆى تازە و لێکتێگەیشتنى تازە هەیە، هەوڵەکان بۆ رێککەوتن بەردەوامن، هەرکاتێک هەردوولا ئامادەبوون شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا.

 

هەروەها لەبارەى توندکردنەوەى رێکارەکانى تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا، وتەبێژى حکومەت جەختیکردەوە کە لەسەر بنەماى راپۆرت و هەڵسەنگاندنەکانى وەزارەتى تەندروستى بڕیار دەدەن لەسەر بارودۆخەکە.