گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەژێر ’فشار’دا حکومەتى هەرێم دەفتەرى قەرزەکانى ڕەوانەى پەرلەمان دەکات 

2020.05.31 - 17:10
لەژێر ’فشار’دا حکومەتى هەرێم دەفتەرى قەرزەکانى ڕەوانەى پەرلەمان دەکات 

ناس کورد- 

دوای كاردانەوەیەكی زۆری هاووڵاتیان بۆ ئاشكراكردنی دۆسیەی قەرزە نادیارەكانی هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ لەكۆبونەوەیەكی تایبەتی حكومەتی هەرێمدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا ئامادەسازی بكرێت بۆ ڕەوانەكردنی وردەكاری دۆسیەی قەرزە گشتیەكانی سەر هەرێم بۆ دیوانى چاودێرى دارایى و پاشان ناردنى بۆ پەرلەمان و ئاشکراکردنى بۆ ڕای گشتی. 

لەڕاگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ (یەكشەممە، 31ی ئایاری 2020)بڵاوی كردووەتەوە، حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی تایبەتی كرد تایبەت بەقەرزە گشتی و پابەندبوونە داراییەكانی هەرێمی کوردستان. 

 

بەگوێرەى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە "لەكۆبونەوەكەدا بەڕێوەبەرێتی بەڕێوەبردن و هەماهەنگییەكانی قەرزی گشتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێكی دوور و درێژی لەو بارەیەوە خستە ڕوو كە لەلایەن وەزارەت و دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئامادەكرابوو، هەر لەڕاپۆرتەكەشدا سەرجەم خشتەی ژمارە پێویستەكانی قەرزە گشتیەكان و پابەندبوونە داراییەكان كە دەكەونە ئەستۆی حكومەتی هەرێم لەخۆگرتبوو". 

 

راگەیەندراوەکە رونیکردەوە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی تایبەت لەسەر قەرزە گشتیەكان و پابەندبوونە داراییەكان و ناردنی بۆ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم كراوە بە بڕیار ئەوەش بەئامانجی وردەكاری و پێداچوونە بۆ ئەوەی ئامادە بكرێت و بخرێتە بەردەم پەرلەمان و ڕای گشتی هەرێمی لەبارەوە ئاگادار بكرێت.

 

کۆبوونەوەکە لەدواى ئەوە دێت، لەوتارێكیدا كە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پێشكەشی كرد، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە كە بۆ كابینەی پێشوو دەگەڕێتەوە، ئەوەش كاردانەوەی فراوانی بەدواداهات جگە لەسەرۆكی پەرلەمان ڕوونكردنەوەی لەسەر ئەو پرسەدا و ڕەتیكردەوە هەرێم ئەو بڕە پارەیە قەرزار بێت، بەفراوانیش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە كرایە پرسی ڕۆژانە و چالاكانی تۆڕەكان پرسیاری ئەوەیان دەكرد ئەو قەرزانە هی كێن و لەچی كراون و بۆچی قەرز كراون و كێ كردوونی و هەرێم نەوتی فرۆشتووە یاخود نەوتی كڕیووە.