گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوانگەی کوردستانی بۆ بەرنامەی کاری کازیمی

تەحسین قادر: گەر هەرێم و بەغدا نەگەنە سەقامگیرییەکی رێژەیی لە پەیوەندییاندا، ھەردوولا بەرەو رووی راپەڕینی جەماوەری دەبنەوە

2020.05.31 - 15:15
تەحسین قادر: گەر هەرێم و بەغدا نەگەنە سەقامگیرییەکی رێژەیی لە پەیوەندییاندا،  ھەردوولا بەرەو رووی راپەڕینی جەماوەری دەبنەوە

گفتوگۆی تایبەت - ناس کورد

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، موستەفا کازیمی، کەسایەتییەکی ناسراو نییە لە عێراقدا و بە تایبەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا. بەبەراورد بە سەرۆکوەزیرەکانی پێشوو، ئەمیان  گەنجە و پێش بەرزکردنەوەی بۆ بەڕێوەبردنی دەزگای موخابەراتی عێراق لە 2016دا، بەرکەوتنێکی ئەوتۆی بە سیاسییەکانی کورد و کۆمەڵگای کوردستان نەبوو. گەر وەک چۆن خۆی دەیەوێت وا بیناسین، ئەوا دەربڕی ئەو گۆڕانە گەورانەیە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق کە راپەڕینی تشرینی 2019 دروستی کردن و چ بە بەرنامەی کاریدا و چ بە تێوەنەگلانی لە رابوردووی سیاسەتکردنی قێزەون لە عێراقدا دەیەوێت خۆی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراقی دوای راپەڕینی تشرین بناسرێت.

 

ناس کورد دەیەوێت لەڕێی پرسیارەکانیەوە بۆ خەڵکی پسپۆڕ و خاوەن بیرکردنەوەی ورد لە ناو ئەو کایەیەی بە ئێکۆسیستەمی نزیک لە سەنتەری بڕیاردانی حیزبە سیاسییەکان لە کوردستاندا ناوی دەبەین، تێگەیشتنی باڵە جیاجیاکانی سیاسەت لە کوردستاندا لە کازیمی و بەرنامەی کاری بخاتە روو. مەبەست لە ئێکۆسیستەم ئەوەیە کە مەرج نییە نووسەرەکانمان پێگەی حیزبی باڵا، یان بگرە ئەندامێتیشیان لە حیزبەکاندا مابێت، کەچی سەرەڕای ئەوە، لای گشت لایەک ئاشکرایە کە رۆڵیان لە پێکهێنانی کایەی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵی حیزبەکانیان بەرچاوە.

 

ناس کورد بەهەمان دەستە پرسیارەوە پەیوەندیی بە گەلێک لەو کەسایەتییانە کردووە و پەیتا پەیتا و لەگەڵ گەیشتنی وەڵامەکانیان بەدەستمان بڵاویان دەکەینەوە.

 

وەڵامەکانی ئەمڕۆ لەلایەن کاک تەحسین قادر کە کەسایەتیی ناسراوی ئێکۆسیستەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ساڵانێکی زۆر لە ناو ڕیزەکانى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستاندا بووە، ماوەی 10 ساڵە سەربەخۆیە و ئێستاش ئەندامی بۆردی رێکخراوی مەدەنی «ئازادبوون»ە.

پێمان گەیشتوون.



تەوەرەی یەکەم: دۆسێی تاوانەکان بەرامبەر راپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019

 

- کابینەی کازیمی لەئەنجامی راپەڕینی تشرینی یەکەمیی پار هاتۆتە ئارا، پاش شکستی عادل عەبدولمەهدی لە سەرکوتکردنیدا، سەرەڕای بەکارهێنانی توندوتیژیی بەرفراوان. ئایا  پێتان وایە توندوتیژکاران و بکوژکاران لە کازیمی چی چاوەڕوان دەبن؟ لێپێچینەوە و سزا؟ یان تەنها ئاشکرا کردنی تاوانەکانیان و پاشان لێبوردن بە ناوی ئاشتەواییەوە؟ یان تەنانەت ئاشکرا کردنیش چاوەڕوان کراو نییە؟

 

- کاری هەر ئەگەرێک لەمانە لەسەر رەوشی پەرەسەندنی دێمۆکراسی و سەروەریی یاسا لە عێراقدا چییە؟ ئایا دێمۆکراسی و سەروەریی یاسا دژی بە یەکن؟ لەم بوارەدا، چ ئامۆژگارییەک لە ئەزموونی خۆتانەوە پێشکەش بە کازیمی دەکەن؟ 

 

- تاوان بەرامبەر هاووڵاتیان تەنها کوشتن و بڕینی خۆپیشاندەران نییە. عێراق 17 ساڵە تاڵان دەکرێت. ئایا کەیسە هەرە گەورەکانی گەندەڵی بە هەمان پێوەر مامڵەی لەگەڵ دەکرێت؟ ئەگەر نا، بۆچی؟

 

750 شەھید، 30 ھەزار بریندار کە 3 ھەزاریان کەمئەندام بوو بن لە راپەڕینی ئۆکتۆبەری پارەوە، زامێکی گەورەی لەو جۆرە،  تەنھا بە ئاشکراکردنی بکوژان و دەسگیرکردن و دادگاییکردن و سزادانیان مەگەر ساڕێژ بێت.

 

بکوژان گەر بە ناویش روون نەبن، بەشێکن لەو دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی و گەندەڵکارانەی لە روخانی رژێمی پێشووە ھەتا ئێستا لەسەر کارن، بۆیە خۆیان ئامادەی ئاشکراکردنی تاوان و گەندەڵکارییەکانی 17 ساڵی رابوردوی خۆیان نین و نایکەن.

 

حیزبەکان و میلیشیاکانییان، ھەتا ئێستا زاڵن و کۆنترۆڵی سوپا و ھێزەکانی حکومەتیان بە دەستەوەیە.

کابینەی نوێ و سەرۆک وەزیرانیش لە ئەنجامی تەوافوقی ئەوان ھاتۆتە ئارا، گەر بخوازێت ویستی شەقامیش جێبەجێکات ئەوا زۆر زەحمەتە گەر مەحاڵ نەبێت!

 

تەوەرەی دووەم: سازدانی هەڵبژاردن لە عێراقدا

 

- ئایا داواکارییەکانی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، کە بەشێک بوون لە داواکانی راپەڕین، چانسی راستەقینەی جێبەجێکردنیان هەیە؟ ئایا کازیمی هیچ ئامرازێکی فشاری لەبەردەستە بۆ ئەو مەسەلەیە؟

 

   - ئایا سەروەریی یاسای حیزبەکان ئەرکێکە کە کازیمی بتوانێت ئەنجامی بدات؟ میلیشای حیزب، بەوانەی کوردستانیشەوە قابیلی چەکداماڵینن؟ ئەگەر نا لانی کەمی ئازادی و سەروەریی هەڵبژاردن، چۆن دەستەبەر دەکرێت، لە کوردستان و لە هەموو عێراقدا؟

   - هەڵبژاردن پارەی تێدەچێت. ئایا لە بارودۆخی ئێستای دارایی عێراقدا، چانسی واقیعی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو هەیە؟

 

   - لانی کەمی ئەو مەرجانە چین کە ئێوە پێی قایلن بۆ بەدیهێنانی هەڵبژاردنی پاک و ئازاد لە عێراق و کوردستاندا؟

 

   - ئایا کاتی ئەوە هەیە، ئەو هێزانەی دەرەوەی حیزبی تەقلیدی چالاکانە لە راپەڕیندا بەشدار بوون، خۆیان بۆ هەڵبژاردن یەک بخەن؟ ئایا پێیاندەکرێت خۆیان یەک بخەن؟ ئەگەر نا، چوارچێوەیەکی رێکخراوەیی لە ئێستادا هەیە کە بتوانێت بیانگرێتە خۆی؟

 

ھەڵبژاردنی ئازاد و خاوێن، بۆ ئاڵوگۆڕ و نوێکردنەوەی دەسەڵات، پایەیەکی دیموکراسییە، بە بێ بوونی پایەکانی تر، بەتەنھا کارناکات، تەنھا گۆڕینی دەموچاو دێنێتە ئارا.

 

گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و بە فرەییکردنی بازنەکان کە فرسەت بدات بە خەڵک، ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆ و نوێنەرانی سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بنێرنە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکانەوە، ھەنگاوێکە بەرەو پێشەوە، بۆ کەمکردنەوەی پاوانکردنی حیزبەکان بۆ ئەو ئەنجومەنانە لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا.

 

رێگرتن لە بەشداری ھەڵبژاردن بۆ حیزبی خاوەن میلیشیا بە یاسایەک کە لە پەرلەمانەوە دەربچێت، رەنگە ھاندەری بە مەدەنیکردنی حیزبەکان و بە نیشتیمانی کردن و بە نیزامی کردنی ھێزە چەکدارەکان بێت لە عێراق و کوردستاندا.

 

سەرژمێری گشتی و دانیشتووان و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، لەگەڵ دانانی کۆمیسیۆنی نوێی ھەڵبژاردنی پیشەیی و تەکنۆکرات لە کەسایەتی سەربەخۆی دەرەوەی حیزبەکان، پێشمەرجی ھاندانی جەماوەر دەبن کە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان لە داھاتوودا. 

 

ھەر ئەمەش ھانی خەڵک دەدات، وردە وردە ئومێد پەیدابکەن بە داھاتوو، بۆ خۆرێکخستن و بەشداری لە بازنە جیاوازەکانی ھەڵبژاردندا بە لیستی تاکەکەسی یان گروپی سەربەخۆ.

 

تەوەرەی سێیەم: کۆرۆنا

 

   - هەڵسەنگاندنتان بۆ رۆڵی پسپۆڕانی پزیشکی لە بڕیاردانی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە عێراقدا چۆنە؟ ئایا بڕیاری هێورکردنەوەی رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورخستنی کۆمەڵگا بڕیارێکی سیاسی بوو یان پزیشکی؟

   - هەڵسەنگاندنتان بۆ رۆڵی دەسەڵاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تا ئێستە...بەتایبەتی رۆڵیان لە دابینکردنی بژێویی خەڵکدا لە کاتی کەرەنتیندا، چۆنە؟

   - ئایا پێتان وایە لەم قەیرانە داراییەی کوردستان و عێراقدا، لەمەی کە لە ئێستادا پیادە دەکرێت، کازیمی دەتوانێت چی باشتر  بکات؟ چۆن؟

   - لە نێوان خۆلێکبەدوورخستن و گەڕانەوەی جموجووڵی ئاسایی بازاڕ کامیان دەبێت بنەمای کاری کازیمی بێت؟ بۆچی؟

   - لانی کەمی سەرکەوتوویی کازیمی لە بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنادا، بە چ پێوەرێک دیاری دەکەیت؟ ئایا چانسی سەرکەوتنی هەیە؟

 

رۆڵی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی لە عێراق و کوردستاندا لە بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنادا ھەتا ئێستا بە ئەرێنی دەبینم. 

 

کێشەکە ھێشتا لە سەرەتادایە، بۆیە پابەندبوون بە رێنماییەکان لەگەڵ ھێورکردنەوەی کەرەنتین بۆ بەردەوامی کار و خزمەتگوزاری و بازاڕ، دوانەیەکن دەکرێت پێکەوە جێبەجێبکرێن. رەنگە شێوازی سویدی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا جێی سوود بێت.

 

بەردەوامی مووچە و دیاریکردنی ٥٠٠ ھەزار بۆ کەمترین مووچە، بریارێکی دروستە، کەمکردنەوەی مووچە بەرزەکان و دیاریکردنی لانی زۆر بۆ نموونە بە ٢ ملیۆن دینار، یارمەتیدەری تێپەڕاندنی ئەم قەیرانی داراییەی سەردەمی کۆرۆنا و بە دەسھێنانی رەزامەندی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراق دەبێت.

 

تەوەری چوارەم: ئابووری

 

   - ئایا پاراستنی بەهای دینار یان بووژاندنەوەی داوا لەرێی "خەرجی بە هەڵئاوسان"، کامیان بنەمای کاری کازیمی دەبێت؟ ئایا مەرجە ئەم دوو پێوەرە دژ بە یەک بن؟ لەم بوارەدا چ ئامۆژگارییەکتان بۆ کازیمی هەیە؟

   - لەکاتی قەیرانی گەمارۆی دوای داگیر کردنی کوەیت، سەددام سیستەمی ئەمرکاری و کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ کرداردەکانی بەرهەمهێنانی لە کەرتی کشتوکاڵدا هێنایە ئاراوە (هەڵمەتی چاندنی نیشتمانی). چۆن ئەو جۆرە بەسەربازیکردنی ئابوورییە، لەکاتی قەیراندا، هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا رێوشوێنی دیکەی بزواندنی بەرهەمهێنان لە دەرەوەی کەرتی نەوت پێدەزانن کەپێشنیاری بکەن بۆ کازیمی، تا بیگرێتە بەر؟

   - راگرتنی خەرجی وەبەرهێنان لە بەرامبەر کەمکردنەوەی خەرجیی خستنەگەڕ (بە تایبەتی مووچە) ...باجی سیاسیی هەر یەکێکیان چۆن دەبینن؟ پێتان وایە کازیمی کامیان دەگرێتەبەر؟

   - بەدەستهێنانی دارایی لەڕێی قەرزی ناوخۆوە یان قەرزی دەرەکی، کامیان باجی سیاسیی لەسەر کارەکانی کازیمی کەمترە؟  بۆچی؟

   - مووچە یان بەشەخۆراک؟ کامیان لە قۆناغی قەیرانی ئێستادا بایەخ پێبدرێت؟ بە تایبەتی کاتێک چاوەڕوان دەکرێت کە نرخی دیناری عێراقی لە داهاتوویەکی نزیکدا بشکێت؟

 

حکومەت لە عێراق و کوردستاندا پێویستە حاکم بن نەک مالک، کەرتی تایبەت و بازاڕ ببوژێننەوە لە دەرەوەی حیزب و حکومەت.

 

ئێستا حکومەت لە ھەردوولا قەوارەی قەرزارییەکانییان لە توانا داراییەکانییان زیاترە. بەشێک لە داھاتی گشتی لە عێراق لە 2003 وە و لە ھەرێم لە 1992 وە، چۆتە گیرفانی سەرکردەی حیزب و میلیشیاکانەوە،  حکومەت گەر بیەوێت جێدەسی دیاربێت، پێویستە پشتیوانی لە داوای جەماوەر بکات، بە ئاشکراکردن و ئەژمارکردنی سەروەت و سامانی سەرکردەکانی حیزبەکان و گەڕاندنەوەی بەشێکی بۆ خەزێنەی حکومەت، ھەتا بەکاربێت بۆ کۆرۆنا و مووچە و ئەکتیڤکردنەوەی سیستمی بانکی بۆ دروستکردنەوەی متمانە و بوژانەوەی ئاڵوگۆڕ و بازاڕ. گەر متمانە لە نێوان خەڵک و بانکدا دروستبکرێتەوە، دەتوانرێت بە کاشی خەوتووی خەڵک لە ناوخۆدا نەک قەرزی دەرەکی، سیستمی دارایی و بازاڕ ببوژێنرێتەوە، رەنگە راکێشانی متمانەی خەڵک بە بانکی بەھێز و ناسراوی جیھانی، ممکن تر بێت.

 

بایەخدان بە کەرتی ئاو و ئاودێری و کشتوکاڵ، بۆ ھێنانەدی ئاسایشی خۆراک. ھەروەھا کەرتی گەشتوگوزار دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی ھەمیشەیی داھات. ھەروەھا بەردەوامی مووچە و بوژانەوەی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، بە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو دەزانم بۆ بەشە خۆراک.

 

تەورەی پێنجەم: سیاسەتی جەمسەرگیری

 

   - ئایا کازمی دەتوانێت حکومەت و کۆمەڵگای عێراق لە شەڕی جەمسەرگیریی ئەمریکا و ئێران بپارێزێت؟ 

   - ئایا رابوردوو و شێوازی کاری کازمی لە هەواڵگیریی عێراقی هیچ بەرچاوڕوونییەکتان دەداتێ لەسەر چۆنێتیی پاراستنی عێراق لەم جەمسەرگیرییە؟

   - ئایا کازمی بەرامبەر بە تورکیا چیی پێ دەکرێت؟ 

 

عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەتا لەناوخۆدا لاواز بن و پەیوەندییەکانییان خراپ بێت، ناتوانن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و کارەکتەری بەھێز بن لە ناوچەکە و جیھاندا.

 

ھێنانەدی عێراقێکی فیدراڵی راستەقینە یان کۆنفیدراڵی بۆ پێکھاتە سەرەکییەکان، زامنی بەھێزکردنی عێراقە لە ناوەوە و کۆتایی بەو ململانێ نادروستە دەھێنێت کە لە دروستبوونییەوە یەخەی پێگرتووە. یەکێتی ئارەزوومەندانە واتە ھەر پێکھاتەیەک مافی جیابوونەوە و دیاریکردنی چارەنوسی خۆی ھەبێت، گەر ئەم عێراقە وەک یەک ھی ھەمووان نەبوو، یەکسانی لە نێوانیاندا نەھێنایە دی.

 

گەر ئەوە نەیەتە دی و عێراق لە ناوخۆدا بەو شێوازە بەھێز نەبێت، ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت.

 

تەوەرەی شەشەم: سیاسەتی نەوتی هەرێم

 

   - ئایا چ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ کایمی کراوە، لە بەرامبەر دەنگدان بە کابینەکەی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی سیاسەتی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدادا؟ چ جۆرە گەرەنتییەک هەیە کە کێشەکان چارەسەردەکرێن ئەمجارە؟

  - چ جۆرە رێککەوتنێک دەبوا بکرایە؟ هەرێم چی دەتوانێت بکات تا لە باری گرانی گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان و لەگەڵ تورکیادا بێتە دەرەوە؟

   - ئەگەر بەردەوام بوون لە سیاسەتی نەوتی هەرێم، بەبێ رێککەوتن لەگەڵ کازیمی نەناردنی مووچەی لێ کەوتەوە، پێویستە چ رێوشوێنێک بگیرێتە بەر لە هەرێمی کوردستاندا؟



گەر ئابوری سەربەخۆ و سیاسەتی نەوتی ھەرێم لە کوردستاندا بە دەسی ئەمینەوە بوایە و نەکرایەتە کارتێک بۆ بە ملیاردێر بوونی سەرکردەی حیزبی و مامەڵەی نھێنی لەگەڵ کۆمپانیاکان و تورکیا، دەکرا ھەنگاوێکی نیشتمانسازی سەرکەوتوو بوایە.

 

ئێستا سەردەمی کۆرۆنایە و دابەزینی نرخی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی داھاتی عێراق و کوردستانە، قەیرانێکی ئەوتۆی دروستکردووە کە خەوشی سیستمی کارگێڕی، ئابوری، دارایی و ھەموو سێکتەرەکانی تری ژیانی ھەڵماڵیوە و شکستی حوکمڕانی حیزبی و میلیشییایی ھەردوولای بە تەواوی دەرخستووە.

 

ئەو رێکەوتنەی کراوە بۆ دەربازبوونی ھەردوولایە لەم قەیرانە، گەر سەرکەوتوو نەبن و ئارامی و سەقامگیرییەکی رێژەیی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا نەکرێت و مووچە دابین نەکەن، ئەوا ھەردوولا بەرەو رووی راپەڕینی جەماوەری دەبنەوە کە ئەنجام و دەرکەوتەکانی لای کەس روون نییە.