گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ڤایرۆسەکە بە شیوەیەکی دژوار توشی سییەکانی بووە’’

تەندروستی سلێمانی باس لە قۆناغەکانی خراپبوونی تەندروستی ئەو گەنجە دەکات کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا

2020.05.31 - 15:04
تەندروستی سلێمانی باس لە قۆناغەکانی خراپبوونی تەندروستی ئەو گەنجە دەکات کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا

ناس کورد-

تەندروستی سلێمانی باس لە قۆناغەکانی خراپبوونی ئەو توشبووەى کۆرۆنا دەکات کە دوێنێ لە نەخۆشخانە گیانیلەستدا و جەخت دەکاتەوە کە "هیچ نەخۆشێیەکی درێژخایەنی لەگەڵدا نەبووە، بەڵام ڤیرۆسەکە بەشێویەکی دژوار توشی سییەکانی بووە و دواترشی بووەتە هۆی لە کارکەوتنی ئەندامەکانی دیکەی جەستەی.

 

هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "تێبینی کراوە لە ئاکامی پشکنیینەکان، ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر دژوار دوچاری سییەکانی بووەتە، ئەوەش وایکردووە لە ماوەیەکی کەمدا دۆخی تەندروستی خراپ و ناجێگیربێت و سییەکانی تێکبشکێن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو نەخۆشە خۆی و خێزانەکەی کە هەموویان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانەی شۆرش بوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر پاشانیش بۆ سەرپەرشتیکردنی زیاتریان لە لایەن تیمە تەندروستییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تاهیر عەلی لە سەرچنار".

 

زیاتر بخوێنەوە: ڕاستییەکانی گیانلەدەستدانی توشبووەکەى کۆرۆنا لە زاری برایەکییەوە

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی حاڵەتەکەى هاوبیر عومەری تەمەن 37 ساڵ بە دوژارترین حاڵەتی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای وەسفکرد لە سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە شاری سلێمانی وتی، "هەوڵێکی زۆرماندا بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشە نەخەینە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە، چونکە ئەو نەخۆشانەی کە دەخرێنە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە هەڵسانەوەیان تاڕادەیەکی زۆر ئەستمە، بۆیە هەوڵماندا جۆرێکی دیکەی ئامێرێکی هەناسەدانی دەستکردی بۆ بەکاربهێنن بۆیە بۆ ماوەی شەوەی ڕۆژێک لە ژێر ئەو ئامێرەدا بووە".

 

هێرش سەلیم دووپاتی کردەوە هیچ نەخۆشییەکی گوزارەوەش لە نێو خانەوادەکەیدا نییە، هەرچەند برایەکی نەخۆشی تەنگژەی سییەکانی هەیە کە ئێستاش هەڵگری ڤایرۆسەکە، بەڵام ئەو بابەت هیچ پەیوەندییەکی بە مردنی نەخۆشەکەوە نەبووە.

 

کۆرۆنا جدییە؟

ئەو داواشی لە هاوڵاتیان کرد "شەڕی خۆیان لەگەڵ حکومەت بە کەرتی تەندروستی نەفرۆشنەوە" و دەڵێت، "ئەو پڕوپاگەندانەی کە ڕۆژانە بڵاودەکرێنەوە کە گوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نییە و حکومەت بۆ مەرامی دیکە  خەڵک بەو بابەت چەواشە دەکات و حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت هەموو دورن لە ڕاستییەوە، بۆیە داواکارم لە هاووڵاتیان بۆ دژاییکردنی حکومەت باری تەندروستی خۆیان نەخەنە مەترسیەوە".

توشبووانی سلێمانی

دەرەباری ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنان لە شاری سلێمانی هێرش سەلیم وتی، "لە ئێستادا 134 نەخۆش لە گەڕی دووەمدا لە نەخۆشخانەکاندا بوون و بەشێک لەو نەخۆشانەش چاکبونەتەوە لە ئێستادا  گەڕاونەتە ماڵەوە".

 

جێگری بەڕێوەیەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو، لە ئێستادا ناوەندەکان و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی توانای گلدانەوەی 250 نەخۆشیان هەیە، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکان لەو ژمارەیە زیاتر بوو ئەو دابێت پلانێکی تری بۆ پەیڕەو بکەن .