گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’مانگی داهاتوو پەیوەندیەکانمان چڕتر دەبنەوە’’

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق وەڵامی پرسیارێکی ’’سەیری’’ عێراقییەکان دەداتەوە

2020.05.31 - 14:41
باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق وەڵامی پرسیارێکی ’’سەیری’’ عێراقییەکان دەداتەوە

ناس کورد-

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیەكانیان لەگەڵ عێراقدا تەنها لە بواری ئەمنیی و سەربازیدا كورت نەبووەتەوە و بەڵكو درێژبووەتەوە بۆ سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كەلتوری و پەروەردەیی و لە دانوستانەکانی مانگی داهاتووی نێوان هەردوو وڵاتیشدا بەرەو پێشچوونەوەی باش ڕوودەدەن.

 

 لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بڵاوی كردووەتەوە، ماسیۆ تیولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ڕایگەیاندووە، "بەمدواییانە هەندێك لە هاوڕێ عێراقییەكان" لەبارەی هۆكاری گرنگیدانی دیپلۆماتكارانی ئەمریكا لە عێراق چییە كە تەنها لە پاڵشتی هێزە ئەمنیەكان لەشەڕی داعشدا چڕ دەكەنەوە، بەڕاستی ئەوەش پرسیارێكی سەیرە بەلایەوە، بۆیە داوای لە هاوپیشەكانی كردووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و كونسڵگەری وڵاتەكەی لە هەولێر وتوێژ لەبارەی كاری بەردەوامی نوسینگەكانەوە بكەن بۆ گرنگیدان بەهاوبەشی و هاریكاری لەپێناو ژیانی گەلی عێراقدا.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لەچەند هەفتەی داهاتوودا، هاوپیشەكانی لە هەموو شاندە دیپلۆماتیەكان وتوێژی پەیوەندییە دووقۆڵیەكانی نێوان هەردوو وڵات بەچڕو پڕی دەكەن بەتایبەت لەبوارەكانی سیاسی و ئابوری و كەلتوری و زانستی و پەروەردەییەوە.

 

باڵیۆزی ئەمریكا باسی لەوەش كردووە، زانیاری زیاتریش  بڵاو دەكاتەوە لەبارەی میكانیزمی هاریكارییە مرۆییەكان و پاڵپشتیكردنی جێگیركردنی ئارامی بۆ ملیۆنەها هاوڵاتی عێراقی كە گیانیان لەمەترسیدایە لەڕێگەی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكا (USAID) ەوە.

 

دەشڵێت، لەبواری وزەدا، بەشە ئابورییەكەیان تیشك دەخاتە سەر كاری جدی بۆ هێنانی شاندی بازرگانی و وەربەرهێنەرانی ئەمریكی و خاوەن كارانی دیاری ئەمریكا و هاریكاری عێراقیەكان بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن.

 

 لەبارەی بەشی سیاسیانەوە ، تیولەر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەرنامەی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ و یەكسانی و لێپرسینەوەیان هەیە سەرباری بەرنامەی هەڵگرتنی سەدان لوغم لە شوێنە هەستیارەكاندا ئەوەش بۆ گەشەدان بە ژێر خانی ئابوری چەند ناوچەیەك.

  

 

ڕوونیشی كردووەتەوە، نوسینگەی پەنابەرانیان هەیە كە توانیاوە بارو گوزەرانی میلۆنەها هاوڵاتی عێراقی باش بكەن لەڕێگەی دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنەكانیان و خستنەگەڕی كێڵگەكانیان و كۆمپانیا و قوتابخانە و ژێر خانی سەرەكیان لەچەند شوێنێكی عێراقدا.

 

جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە، نەوەی داهاتووی عێراقیەكان سود لە بەشی كەلتوری باڵیۆزخانەیەكەیان دەبینن كە بەرنامەیان هەیە سەدان خوێندكار هەموو ساڵێك بنێرنە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ، سەرباری گرنگیدان بەپاراستنی كەلتورە دەوڵەمەندەكانی عێراق.



لەكۆتایی پەیامە ڤیدیۆكەشیدا باڵێۆزی ئەمریكا لەعێراق باسی لەوەش كرد، وەك دەبینن هاوبەشیان لەگەڵ عێراقیەكاندا تەنها لەسەر پێشكەش كردنی پاڵپشتی كردنی هێزە ئەمنیەكاندا نیە بەڵكو لەوە دوورترە چاودێری دانوستانە ستراتیژیەكان دەكەن كە چەند ڕۆژێكی تر بەڕێوە دەچێت بەئامانجی پتەو كردنی هاریكاری و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەكان كە تا ئێستاش عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.