گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەى کورد و سونە؟

ئەمریکا شەش بژاردەى هەیە بۆ ’’ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق’’ کە بە حەشدی شەعبی دەستپێدەکات

2020.05.31 - 13:56
ئەمریکا شەش بژاردەى هەیە بۆ ’’ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق’’ کە بە حەشدی شەعبی دەستپێدەکات

ناس کورد-

ماڵپەڕێکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا شەش بژاردەى خستووەتەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و نەهێشتنی ئەو ساردوسڕییەی کە ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەدی دەکرێت، بە تایبەتی دوای کوشتی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق.

 

ماڵپەڕی "ناوەندی بڕۆکنگز" ئەمریکی بۆ توێژینەوەکان لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا کە نوسەرەکەی "ڕەنج عەلادین"ه ئاماژە بەوەدەکات، "بەغدا و اشنتتۆن لە ئێستادا دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە ڕێگەی گفتۆگۆیەکی ستراتیژییەوە  کە بڕیار لە مانگی داهاتوودا دەست پێبکات پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی باش ڕێکبخەنەوە".

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستوەتە ڕوو، کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵدا، تاڕادەیەک پەیوەندییەکانی هەردوولای مت و ساردکردوەتەوە.

 

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە بۆ کاراکردنەوە و گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بۆ دۆخی جارانی، شەش پێشنیازی خستووەتە ڕوو.

 

گروپە چەکدارە جیابووەکان

 ڕاپۆرتەکە بە گرنگی دەزانێت ئەمریکا هەلی جیابوونەوەی چەند گروپێکی ناو دەستەی حەشدی شەعبی  کە سەر بە عەلی سیستانین بۆ خۆی بقۆزێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گرۆپانە پتەو بکات و لەگەڵ مستەفا کازمیشدا کار بۆ ئەو بکات ئەو گروپانە  سەرنجیان بۆ لای ئەمریکا  ڕابکێشێت و بیانکات بە لایەنگرانی خۆی، ئەوەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ ئەو گروپانە.

 

کەمکردنەوەی پێشبینییەکان

ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردوەتەوە ئەمریکا نابێت چاوەڕوانی ئەوە لە حکومەتەکەی کازمی بکات بتوانێت پێش لە پەرەسەندنی بریکارەکانی ئێران بگرێت لە عێراقدا، چونکە کازمی تازە دەست بەکاربووە لە پۆستەکەی و بنکەیەکی جەماوەری پتەوی نییە و لە هەمانکاتیشدا سوپای عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی شەڕی پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش و بنبڕکردنی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانە.  

 

هاوکاری بە مەرج

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت ئەمریکا یارمەتی کازمی بدات لە کاروباری حکومڕانیدا، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆی تێکەڵ بکات بە پرسی دووبارە بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی عێراق، چونکە ئەو پرسە لە بەرژەوەندی ئێراندا دەشکێتەوە لە بەرئەوەی سیاسییەکانی عێراق کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەژمونی ئێرانەوە، بۆیە باشتر وایە ئەمریکا داکۆکی لە دەسەڵاتی کازمی بکات لەڕێگەی چەند ئامانجێکی نزیک مەوداوە وەک "یارمەتیدانی عێراق لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانێکی بانکی و دارایی پتەو و نوێ، یارمەتیدانی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی و نەختی نێودەوڵەتی، بەخشینی عێراق لە سزا نێودەوڵەتییەکان و داڕشتنەوەی قەرزەکان کە ئەمانە هەمووی وادەکەن ئابوری عێراق بەهێز بکات.

 

دانوستان لەگەڵ کورددا

ڕەنج عەلادین لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە پێویستە لەسەر کازمی لە ماوەی داهاتوودا پاڵپشتی سەقامگیری هەڕێمی کوردستان بکات و داکۆکی لە کورد بکات لەڕووی سیاسییەوە، چونکە لە ئێستادا ئەمریکا لە هەڕێمی کوردستان بوونێکی فراوانی هەیە، لە هەمانکاتیشدا ئەمریکا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەگەر ناچار بوو لە عێراق بکشێتەوە.

 

داکۆکیکردن لەلایەنگران و هاوپەیمانان

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە بەپێویستی زانیوە کە دەبێت ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتی و داکۆکیکردن لە هاوپەیمانەکانی لە عێراق "کورد و سونە" وبەهیچ شێوەیەک هەوڵی کەمکردنەوەی ڕۆڵیان نەدات لەسەرحیسابی نەیارەکانی ئەمریکا. 

 

نەوەى نوێی لە سەرکردە عێراقییەکان

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە جەختیلەوە کردوەتەوە، کە دەبێت ئەمریکا بایەخێکی زۆر بە نەوەی نوێی سەرکردە عێراقییەکان بدات بەتایبەتی ئەوانەی کە  بیرکردنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازیان هەیە، چونکە ئەوانە دەتوانن پارێزگاری لە سیستمی حکومرانی ئێستای عێراق بکەن توانای پەرەپێدانی سیستمەکەشیان هەیە.

 

هاوکات ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ۆوڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لەو باریەوە ئاماژەی بەوەکردبوو "لە ئێستادا کاری کازمی ئەوەیە هاوسەنگێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا دروست بکات و ڕێگری لەو بکات  کەعێراق ببێت بە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئەو دوو هێزە".

 

 لە 7ى نیسانی ڕابردوو، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوایکرد گفتوگۆیەکی ستراتیژی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق وئەمریکا ئەنجامبدرێت.