گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکگرتوو ’’نێوەندگیری لەنێوان یەکێتی و پارتی’’ نەکردووە و هێشتا کاتی کۆبوونەوەش دیار نییە

2020.05.31 - 12:00
یەکگرتوو ’’نێوەندگیری لەنێوان یەکێتی و پارتی’’ نەکردووە و هێشتا کاتی کۆبوونەوەش دیار نییە

ناس کورد-

لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەنێوەندگیری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری ناوخۆی یەکگرتوو ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی باسی ئەو پرسەیان نەکردووە.

 

دوێنێ شەممە، 30ی ئایاری 2020، شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی حزبەکە سەردانی هاوسەرۆکانی یەکێتیان کرد و لەدوای کۆبوونەوەکەشیان، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، دوو شاندی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەنێوەندگیری سەڵاحەدین بەهادین کۆدەبنەوە.

 

لەوبارەیەوە، مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری ناوخۆی یەکگرتوو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "سەردانەکەیان بۆ لای هاوسەرۆکانی یەکێتی تەنها بۆ پیرۆزبایی بووە و بەهیچ شێوەیەک باس لە کێشەی پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەیان و پرسی دیکە نەکراوە، جگە لە پیرۆزبایکردن لە هاوسەرۆکانی یەکێتی".

 

هاوکات مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی وت، هیچ دەنگۆیەکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی نەبیستووە و ئاگاداری نییە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەى ڕابردوو، ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆببنەوە بۆ ئەوەی دۆخی نێوانیان ئاسایی بێتەوە.  

 

ئاراس حەسۆ میرخان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەى ڕاگەیاندبوو، "دوای دەستپێكردنەوەی دەوام، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتی بە ‌هەماهەنگی بۆ هەفتەی داهاتوو ڕۆژێك دیاری دەكەن بۆ ئەوەی پێكەوە كۆببنەوە، ئەمەش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی نێوانیانە".  

 

وتیشی، "ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە گرنگیی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی پێكەوە باسی گلەییەكانی خۆمان بكەین و چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، بۆیە پێویستە كۆبوونەوە بكرێت و مەرجیش نییە هەموو كێشەكان بە یەك جار چارەسەر بكرێن، لەبەر ئەوەی بۆچوونی جیاوازمان لە زۆر شتدا هەیە".  

 

ئاراس میرخان جەختیکردەوە، پێویستە شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگیرێت، "ناكرێت بۆچوونی حیزبی خۆمان بخەینە ناو حكومەت، بۆیە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، هەفتەی داهاتوو یەكێتی و پارتی پێكەوە كۆدەبنەوە".  

 

پەیوەندییەکانى یەکێتى ماوەى چەند مانگێکە روویان لە گرژبوون و ئاڵۆزى کردووە، بەهۆى کێشەکانیان لەسەر پرسى شەراکەت لە حکومەت و ئاڵۆزییەکانى زینى وەرتێ و کۆوبونەوەکەى سەرەتاى ئەم مانگەى پەرلەمانەوە، بەو هۆیەشەوە چەند جارێک وادەى کۆبوونەوەى نێوانیان هەڵوەشاوەتەوە.  

 

هەر هەفتەى ڕابردوو، ڕێبوار ئیسماعیل، بەرپرسى مەڵبەندى سێى یەکێتى لە هەولێر لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسى هاوبەشدا لەگەڵ فرسەت سۆفى، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە کۆبوونەوەى نێوان پارتى و یەکێتى بکرێت بەڵام کات و شوێنەکەى دیارینەکراوە.    

 

لەدواى کۆنگرەى یەکێتى یەوە لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا کە تێیدا هاوسەرۆکان و سەرکردایەتى نوێ بۆ یەکێتى هەڵبژێردرا، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان پارتى و یەکێتیدا ئەنجامنەدراوە.