گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە ئێستادا ژمارەی هەڵگرانی کۆرۆنا لە هەرێم سێ هێندەی چینە

2020.05.31 - 10:41
لە ئێستادا ژمارەی هەڵگرانی کۆرۆنا لە هەرێم سێ هێندەی چینە

ناس کورد-

ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بۆ نزمترین ئاست دابەزی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، بەشێوەیەک ئێستا ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە چین.

 

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی کۆرۆنا لە جیهاندا، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەنها دوو حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە چین تۆمارکراوە کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا، ئەوە لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 31 حاڵەتی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.

 

بەگشتیی ئێستا لە چین، تەنها 63 کەس هەڵگری ڤایرۆسەکەن و لە نەخۆشخانەن، لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان 191 کەس لە نەخۆشخانەن و لەژێر چاودێری پزیشکیدان، واتە نزیکەی سێ هێندەی چین.

 

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لەدوای نزیکەی دوو هەفتە لە تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێک و ساردبوونەوەی هاووڵاتیان لە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان هات، بەشێوەیەک لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 100 توشبووی نوێ تۆمارکراوە.

 

هەر دوێنێ شەممە 30ی ئایاری 2020، 23 حاڵەتی نوێ لە شاری سلێمانی تۆمارکران و گەنجێکی تەمەن 37 ساڵی توشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیلەدەستدا، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانیش هۆشداری ئەوەیدا، ئەگەر هاووڵاتیان بەوشێوەیە مامەڵە بکەن و پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، کارەسات ڕوودەدات.

 

لەبارەی متمانەنەبوونی هاووڵاتیان بە ئامارەکانی توشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە سیاسیکردنی ئەو پرسە، د. زانا حەمید، سەرپەرشتیاری تیمی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی و پزیشکی پسپۆڕ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێیوایە، ئەگەر حکومەتی هەرێم دوو هێندەش خراپ بێت، کۆرۆنا هەر ڕاستییە.

 

د. زانا حەمید لە گفتوگۆیەکدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ناکرێت کۆرۆنا لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە ئاگر بێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڵێین درۆیە، ئەوە مەحاڵە و ئەمە پرسێکی تەواو زانستی و مەترسیدارە".

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە، داواشدەکات، هاووڵاتیان ئەم پرسە تێکەڵ بە کێشەکانی 30 ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی هەرێم نەکەن  و هەموو بۆچوونە جیاوازەکان لەم پرسەدا یەکدەنگبن و پێکەوە هەمووان بەرەنگاری ڤایرۆسەکە ببنەوە.

 

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا، 606 کەس بە توشبووی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش شەش کەسیان گیانیانلەدەستداوە و 409 کەسیشیان چاکبوونەتەوە، هاوکات 191 کەسیش توشبووش لە نەخۆشخانەکاندان. 

 

 بەگشتی تاوەکو ئێستا لە جیهاندا شەش ملیۆن و 161 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 371 هەزار کەسیان گیانیانلەدەستداوە و زیاتر دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسیشیان چاکبوونەتەوە.