گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترسی ئەوە هەیە ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاوبکەنەوە

چەند مەیمونێک لە هیندستان نمونەى خوێنێ توشبووانی کۆرۆنا دەدزن

2020.05.31 - 08:36
چەند مەیمونێک لە هیندستان نمونەى خوێنێ توشبووانی کۆرۆنا دەدزن

ناس کورد-

ژمارەیەک مەیمون لە شارێکی هیندستان هێرش دەکەنە سەر کارمەندێکی تەندروستی و چەند شۆشەیەکی نمونەی خوێنی توشبووانی  ڤایرۆسی کۆرۆنای لێی دەدزن، دانیشتوانی شارەکەش ترسی ئەوەیان هەیە مەیمونەکان خوێنە پیسبووەکە بڵاوبکەنەوە و کارەسات دروستبکەن.

بەگوێرەى هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، دەسەڵاتدارانی شاری لەکناو سەربە ویلایەتی ئۆتاربرادیش ڕایانگەیاندوە: "ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک مەیمون هێرشیان کردوەتە سەر کارمەندێکی تەندروستی تاقیگەکانی زانکۆی مێرتی پزیشکی کە دەکەوێتە دووری 450 کیلۆمەتر لە ولایەتەکەوە و شوشەی نمونەی خوێنی چوار توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ دزیوە".

 

ئێس کەی چارج، بەرپرس لە کۆڵێجی مێرت بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە ناچار دەبن جارێکی دیکە نمونەی خوێن لە توشبووەکان وەربگرنەوە.

 

بەگوێرەی ڕۆیتەرز، لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی شارەکە لە هەوڵی ئەوەدان دڵنیابن لەوەی کە مەیمونەکان ئەو شوشانەی کە خوێنەکانی تێدا بووە نەشکاندووە و خوێنەکانیان لەسەر دار و دیواری شارەکە بڵاونەکردوەتەوە، چونکە خەڵکی شارەکە لە دوای بیستنی هەواڵەکە توشی دڵەڕاوکێ بوون و دەترسن ئەو ڕووداوە ببێتە هۆکاری تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەکە لە شارەکە، ئەوەش لەڕێگەی توشبوونی ئاژەڵەکان بە ڤایرۆسەکە و دواتریش بڵاوکردنەوەی لە ناو دانیشتوانی شارەکەدا.

 

لای خۆیە چارج ەوەشی خستوەتەڕوو: " تائێستا هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت کە مەیمون توشی پەتاکە دەبێت و تاقیکردنەوە زانستییەکانیش ئەوەیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە مەیمون لە ڕێگەى خوێنی پیسەوە توشی ڤایرۆسەکە دەبێت یان نا".

 

 لە ئێستادا زیاتر 165 هەزار کەس لە وڵاتی هیندستان گیرۆدەی ڤایرۆرسەکە بوون و زیاتر چوار هەزار 700 کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە پەتاکەوە مردون.