گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی عێراق: حکومەتی عێراق میللەتی گەوجاندوە و 400 ملیار دیناری داوەتە هەرێم

2020.05.30 - 23:00
پەرلەمانتارێکی عێراق: حکومەتی عێراق میللەتی گەوجاندوە  و 400 ملیار دیناری داوەتە هەرێم

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی عەرەب لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بە بێ هیچ ماف و پاساوێک 400 مليار ديناری داوەتە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، بۆ شاردنەوەی ناردنی گۆژمە پارەکە حکومەتی ناوەندی پشووی جەژنی ڕەمەزانی بەهەلزانیوە و گەلی عێراقی گەوجاندوە، هاوکات داوای جوڵاندنی سکاڵاش دەکەن لە دژی وەزیری دارایی. 

 

یوسف کلابی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوایکدا وەک نوێنەری ئەو پەرلەمانتارانەی کە سکاڵایان دژ بە وەزارەتی دارایی عێراق بەرزکردوەتەوە وتی: "بەمەبەستی گەوجاندنی گەلی عێراق حکومەتی ناوەند پشووی جەژنی ڕەمەزانی قۆستوەتەوە و بڕی 400 مليار ديناری ناردوە بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ هێچ مافێک وپاساوێکی دروست".

 

کلابی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە کە حکومەتی عێراق بە ناردنی ئەو گوژمەیە بۆ هەرێمی کوردستان پێشێلی یاسای کارگێری دارایی حکومەتی فیدراڵی کردوە، چونکە تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو یاساییە نییە و تائێستاش پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی فرۆشی نەوت، باج و دەروازە سنورییەکانی ڕەوانەی بودجەی گشتی عێراق نەکردوە".

 

ئەو پەرلەمانتارە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕەخنەی لەحکومەتی عێراق گرتووە و دەڵێت " لەم بارودۆخە ناهەموارەدا کە وڵات پێیدا گوزەردەکات لە ڕووی تەندروستی، سیاسی و ئابوری، حکومەت بەبێ گوێدان بە دۆخی بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بڕی 400 ملیاردیناری داوەتە هەرێمی کوردستان". 

 

کلابی ئاماژەی بەوەشکردووە:  "ئەو جۆرە ڕەفتارانە لە هەموو ڕوویەکەوە ڕەتکراوەیە، بۆیە داوا لە داواکاری گشتی دەکەین ڕۆڵی خۆی ببینێت لە جوڵاندنی سکاڵا دژ بە وەزیری دارایی عێراق و هەموو ئەو کەسانەی کە بوونەتە هۆکاری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان".

 

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەرپرسیارێتی ناردنی پارەکەشی خستوەتە ئەستۆی بەرپرسانی بانکی ناوەندی عێراق و فڕۆکەخانی نێو دەوڵەتی بەغداش.

 

کلابی لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختیلەوەشکردووەتەوە کە بەرگریکارێکی سەرسەخت دەبن بۆ پارێزگاریکردن لە مافە ڕەواکانی گەڵی ستەمدیدەی عێراق، هاوکات هەڕەشەی  ئەوەشی کرد کە لە پێناو ڕێگریکردن لە دزینی قوتی میللەت پەنا دەبەنەبەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتا سەری .