گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

د. زانا حەمید: ناکرێت کۆرۆنا لە ئێران و تورکیا ئاگر بێت لێرە بڵێین درۆیە

2020.05.30 - 21:52
د. زانا حەمید: ناکرێت کۆرۆنا لە ئێران و تورکیا ئاگر بێت لێرە بڵێین درۆیە

ناس کورد-

قۆناغی دووەمی هەڵکشانی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ڕاستی و گوماندا ماوەتەوە و بزیشکێکی پسپۆڕ لە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هۆکاری سەرەکی ژمارەکانی ئێستا ئەو بێ متمانەییەی هاووڵاتیان و پابەندنەبوونیانە بە ڕێنماییەکان، دەشڵێت، گومانیان هەیە لە حاڵەتەکانی ئەمدواییە کە ڤایرۆسەکە لە دەرەوە هێنرابێتە ناوەوە.

 

دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکرا، بەڵام لە دوو هەفتەی کۆتاییدا و بە ماوەیەک بەر لە جەژنی ڕەمەزان، ژمارەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردەوە و لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا زیاتر لە 100 توشبووی نوێ تۆمارکران،  بەڵام  بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان بڕوایان پێی نییە و پێیانوایە حکومەت کۆرۆنا بۆ ترساندنی هاووڵاتیان بەکاردەهێنێت و مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە.

 

"پابەندنەبوونی هاووڵاتیان ئەمەی لێکەوتەوە"

 

د. زانا حەمید، سەرپەرشتیاری تیمی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پزیشکی پسپۆڕ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دۆخێکی زۆر باشمان هەبوو، تەنانەت لەزۆر وڵاتی پێشکەوتووی دیکە باشتربووین و کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکەمان کرد، بەڵام بەداخەوە لەم قۆناغەدا وەک سەرەتا نییە و نەبوونی متمانەی هاووڵاتان ئەمەی لێکەوتەوە".

 

وتیشی: "بەهیچ شێوەیەک ناکرێت، بابەتی سیاسی ببەسترێتەوە بە بابەتێکی تەندروستی و پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیانەوە، چونکە ناکرێت لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکە کۆرۆنا وەک ئاگر وابێت و لێرە بڵێین درۆیە، ئەمە مەحاڵە، هەر ئەو پابەند نەبوون و نەبوونی متمانەیەش هۆکاری ڕاستەخۆی قۆناغی دووەمی کۆرۆنایە لە هەرێمی کوردستان".

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەشڵێت: "ئەو بەشەی هاووڵاتیانیش کە متمانەیان نییە کەمینەن و هەموو خەڵک نییە، بەڵام بەداخەوە لە سۆشیاڵ میدیا هەندێک شت بڵاودەکەنەوە و گومان لای خەڵک دروست دەکەن، بەڵام ئەمە شتی زانستییە و بە بۆچوونی تایبەتی کەسەکان ناکرێت بڕیار بدرێت و شت لەناو خەڵکدا بڵاوبکرێتەوە".

 

"با سیاسەت تێکەڵی کۆرۆنا نەکرێت کاتێک توشی ڤایرۆسەکە دەبیت هیچ شتێک دادت نادات"

 

ئەو پزیشکە هۆشداری ئەوە دەدات کە ئەگەر ڤایرۆسەکە تەشەنە بکات، هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات، چونکە توانای هەرێم لەڕووی پێداویستییەکانەوە سنوردارە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: " ناکرێت گیروگرفتی 30 ساڵی ڕابردوو تێکەڵی بابەتێکی زانستیی وەک کۆرۆنا بکرێت و لە کۆرۆنادا بڕوا بە حکومەت نەکەیت، ئەمە ناکرێت بکرێتە کێشەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، کاتێک توشی کۆرۆنا دەبیت نە موچە و نە هیچ شتێکی دیکە دادت نادات".

 

ڕونیشیکردەوە، ئەگەر هەر توشبوویەکی کۆرۆنا زیاد بکات، حکومەت قازانج ناکات، هەر تێستێکی کۆرۆنا نزیکەی 40 دۆلاری تێدەچێت و پارەیەکی زۆری تێدەچێت.

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە ڕونیکردەوە: "ئەوەی زۆر ئازاری داوم ئەوەیە بەشێک دەپرسێت، بۆچی خەڵک نامرێت وەک وڵاتانیتر، بەڕاستی پێویستە ئەوە راسبتکرێتەوە، ئەوەی دەمرێت هەمووی کەسوکاری ئێمەن و پێویستە هەموومان ژیانیان بپارێزین".

 

"گومان دەکرێت قۆناغی دووەم لە ئێران یاخود عێراقەوە هێنرابێت"

 

د. زانا حەمید دەڵێت: "بە پشت بەستن بەوەی لەماوەی ڕابردوودا لە دوو هەفتەدا، چوار هەزار سامپڵی هەڕەمەکیمان لە سلێمانی وەرگرت، بۆ زانینی بوونی ڤایرۆسەکە لەناو خەڵکدا، بەڵام هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤی تێدا نەبوو، بۆیە ئەوە جێگەی گومانە لای ئێمە".

 

باسی لەوەشکرد: "ئەمە هێشتا دڵنیا نین لێی، بەڵام گومانمان هەیە لەوەی هاووڵاتیان بە قاچاخ و لە ئێران یاخود عێراقەوە هاتبنەوە هەرێم و هەڵگری ڤایرۆسەکە بووبن و ئەم حاڵەتانەی قۆناغی دووەمی لێکەوتبێتەوە، بەتایبەتی کە بازاڕەکان کرانەوە و پابەندبوونی هاووڵاتیان کەمبووەوە".

 

"دۆخی ئێستا لە ڕابردوو مەترسیدارترە"

 

د. زانا حەمید کە 12 ساڵ توێژینەوەی لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە ئاماژەی بەوەکرد: "من کۆرۆنا دەناسم و ئەگەر کۆرۆنا ڕێگری لێبکرێت هێندە مەترسیدار نییە و خۆمان بپارێزین باش لێی دەردەچین، بەڵام ئەگەر ڕێگری لێنەکرێت زیانمان لێدەدات".

 

وتیشی: "قۆناغی ئێستا لە ڕابردوو مەترسیدارترە، چونکە ئێستا زۆر توشبوومان هەیە کە سەرچاوەی نادیارە و نازانین لەکوێوە توشبووە کە ئەوەش زۆر مەترسیدارە".

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە نامانەوێت خەڵک بترسێنین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوکاری یەکتربین و ئەو بۆچونە لەناوبەرین کە دەڵێن، کۆرۆنا نییە، ئەمە زۆر مەترسیدارە، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە، بۆ ئەوەی ئازیزانمان لەدەست نەدەین".

 

توشبووی "هەڵامەت" بە کۆرۆنا تۆماردەکرێت؟

 

ئێستا وەرزی پەتای ئەنفلۆنزایە "هەڵامەت" بەشێک پێیانوایە ئەو کەسانەی بە توشبووی کۆرۆنا تۆماردەکرێن، پەتای هەڵامەتیانە و بە هەڵە تۆماردەکرێن.

 

د. زانا حەمید جەختیکردەوە، ئەوە بەهیچ شێوەیەک راست نییە و تێستی کۆرۆنا پشکنینێکی ورد و هەستیارە، ڕەنگە هەندێک جار هەڵەیەک ڕووبدات، بەڵام بەوشێوەیە نا، هەروەها هەموو توشبوویەک کە گومانی لەسەر بێت، جاری دیکە پشکنینی بۆ دەکرێتەوە.

 

ڕونیشیکردەوە: "بڕیاردان لەوەی کەسێک توشبووی کۆرۆنایە هێندە ئاسان نییە و زۆر قورسە، بۆیە دڵنیابن لەوەی کە شتی لەوشێوەیە ناکرێت و تا دڵنیانەبین لە توشبوونی کەسێک هەرگیز تۆماری ناکەین".

 

دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟

 

لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ لەڕۆژانی داهاتوودا ژمارەکان زیاد دەبن، زانا حەمید باسی لەوەکرد: "ناتوانین پێشبینی بکەین بۆ زیادبوونی ژمارەکان یاخود کەمبوونەوەی، بەڵام شێوازی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێرایە و پێویستمان بە خۆپارێزی تاکە".

 

وتیشی، پێویستە کۆمەڵێک ڕێنمایی دیکەی تایبەت بەم دۆخە دابنرێت، نەک قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێنرێتەوە، بەتایبەتی تاک پارێزی زۆر گرنگە کە هاووڵاتی لە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە تێبگات و خۆی و چواردەورەکەشی بپارێزێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە پێویست بکات هەندێک شوێن دابخرێنەوە، بەڵام نەک هەموو شوێنێک، چونکە ڕەنگە دۆخەکە درێژە بکێشێت و کۆمەڵگە توانای کەرەنتینەی نەبێت.

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە داواشیکرد، هاووڵاتیان بڕوا بە هەموو کەسێک نەکەن و هەموو کەسێکیش لەخۆیەوە شت بڵاونەکاتەوە لە سۆشیاڵ میدیا و بگەڕێن بەدوای ڕاستییەکاندا.