گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوسیا لە چۆنێتی دروستبوونی مانگ دەکۆڵێتەوە.. مانگ چۆن دروست بووە؟

2020.05.30 - 21:00
ڕوسیا لە چۆنێتی دروستبوونی مانگ دەکۆڵێتەوە.. مانگ چۆن دروست بووە؟

ناس کورد-

زانایانی گەردونناسی ڕوسیا بەمەبەستی دڵنیابوون لە مێژوو و چۆنێتی دروستبوونی مانگ، بەنیازن دەیان نموونە لە خۆڵی ئەو تەنە ئاسمانییە وەربگرن و لە تاقیگەکانیان لەسەر زەوی توێژنەوەی بۆبکەن.

 

یفگینی سلۆتا، زانای ڕوسی لە بواری گەردونناسی، بە ئاژانسی"نۆڤۆستی" ڕوسی ڕاگەیاندوە:  "زانایانی ڕۆسیا بۆ دڵنیابوون لە چۆنێتی دروستبوونی مانگ بە شێوەیەکی ورد پێویستیان بە 8 بۆ 10 نمونە لە خاک و خۆلی سەر مانگ هەیە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ئێستادا دوو گریمانە سەبارەت بە دروستبوونی مانگ هەیە یەکەمیان، گریمانەی ئەمریکییە کە دەڵێت، لە ئەنجامی بەرکەوتنی تەنێکی ئاسمانی بە زەوی مانگ لێی جیابووەتەوە و گریمانەی دووەمیش گرمانەیەکی ڕوسییە کە بڕوای بەوەیە کە زەوی  و مانگ لە یەک کات و ساتدا دروستبوون".

 

 ئەو زانا ڕوسییە، جەختیلەوەکردەوە: "بۆ دڵنیابوون لە مێژوو و چۆنێتی دروستبوونی مانگ دەبێت نمونەی جیاواز لە خۆڵ و خاکی سەر ناوچە جیاجیاکان وفراوانەکانی سەر مانگ وەربگرین، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی شارەزابین لە پێکهاتەی کیمیایی و کانزایی ئەو بەرد و خۆڵەی کە مانگی لە دروست بووە بەراورد بکرێت بە خوڵ و خاکی سەر زەوی".

 

 بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی نۆڤۆستی ڕوسی، زانایان لە ئێستادا دەیانەوێت لە ڕێگەی ویستگەی "لونا-28"ی ڕوسی کە لەسەر مانگ جێگیرە ئەو نمونانە وەربگرن و بهێننەوە سەر زەوی و لە تاقیگەکانی ڕوسیا شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەى چڕی  لەسەر بکەن.

سلۆتا ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە: "بیرۆکەی دروستبوونی زەوی و مانگ لە یەک کات و ساتدا دەگەڕێتەوە بۆ کوڕی زانای ئینگلیزی چارلز داروین  کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمی ڕابردوودا ئەو بیرۆکەی خستوەتەڕوو".