گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات.. نەخۆشخانەکان پڕدەبن

2020.05.30 - 20:19
تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات.. نەخۆشخانەکان پڕدەبن

ناس کورد-

دوای ئەوەی گەنجێکی توشبووی کۆرۆنا لەشاری سلێمانی گیانیلەدەستدا، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، حەوت توشبووی دیکە ناوبەناو پێویستیان بە هەناسەی دەستکرد هەیە، دەشڵێت، پابەندنەبوونی هاووڵاتیان ئەم دۆخەی خوڵقاند و پێشتر ئەوان بەدوای کۆرۆناوە بوون، بەڵام ئێستا کۆرۆنا لە دەرگای نەخۆشخانەکان دەدات.

 

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەئێستادا 96 توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی هەن و لەو ژمارەیەش حەوت کەسیان ناوبەناو پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە، بەڵام تەندروستییان زۆر خراپ و مەترسیدار نییە".

 

وتیشی: "بەداخەوە پابەندنەبوونی هاووڵاتیان ئێمەی بەم دۆخە گەیاند کە ئێستا ژمارەی توشبووان لە هەڵکشاندایە و حاڵەتی گیانلەدەستدانیشمان هەیە، پێشتر دەیانوت بۆچی توشبووان نیشانەکانیان نییە کە ئەوە بەهۆی زوو دۆزینەوەی حاڵەتەکانەوە بوو، بەڵام ئێستا ئەوەتا توشبووان نیشانەکانیان هەیە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەتا کەسی گەنج گیانیلدەستداوە کە پێشتر هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە".

 

وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: "لە هەموو بڕیارێکدا دراوە، باری ئابوری و تەندروستی هاووڵاتیان لەبەرچاو گیراوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانیش دەکەین، لەدوای کارەکانیان ئاگاداری تەندروستیی خۆیان بن و پابەندی ڕێنماییەکان بن".

 

د. یاد نەقشبەندی هۆشداری ئەوەشیدا، ئەگەر هاووڵاتیان لەسەر پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان بەردەوامبن، ژمارەی توشبووان زۆر لەئێستا زیاتر دەبن و نەخۆشخانەکان پڕدەبن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە و شەوی ڕابردوو 22 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەکە لە سلێمانی تۆمارکران و ئەمڕۆش گەنجێکی تەمەن 37 ساڵی توشبووی ڤایرۆسەکە گیانیلەدەستدا.