گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس كورد دەقی بڕیارەكە بڵاودەكاتەوە

عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

2019.04.13 - 19:30
عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح


بەبڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زیانلێكەوتووانی لافاوی شارەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی شارەكانی تر، قەرەبووی ماددی دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ (شەممە) پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجامدا و لەبارەی زیانلێكەوتووانی لافاوی چەند رۆژی رابردووی ناوچە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەركرد و بەدەنگی 202 پەرلەمانتار پەسەند كرا.

.

لەدانیشتنەكەدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك درا بەسەرۆكایەتی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێتی 9 پەرلەمانتار بۆ بەدواداچوون بۆ زیانەكان .
بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمان، گوژمەیەك لە بودجەی ناكاوی حكومەتی فیدراڵی دیاری دەكرێت بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی لە ئەنجامی لافاوەكاندا ڕوویانداوە و 4 ترلیۆن دینار لە بودجەی بەكارخستنی پرۆژەكان و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق بۆ سالی 2019 دابین دەكرێت بۆ ئەو مەبەستە بەو مەرجەی زۆرترین پشك بەر پارێزگای میسان لە باشوری عێراق بكەوێت، بەهۆی ئەوەی زۆرترین زیان بەر ئەم شارە كەوتووە.

.
لەبەشێكی تری دانیشتنەكەی پەرلەماندا، بڕیاردرا حكومەتی فیدراڵی بەزوترین كات هەموو تواناكانی بخاتە گەڕ لە رووی توانا ئەندازییەكان و ئامێرەكان بۆ قەتیسكردنی زیانی لافاوەكان و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی لە ئاستێكی دیاریكراودا بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

بڕیاری ئەوەشدرا، پردەكان و ڕێگا و بانەكان و بەنداوەكان بەزوترین كات لەسەرجەمی ناوچەكانی عێراق، چاك بكرێنەوە.

.

لەبەشێكی تری دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراقدا، بڕیاردرا بە تەرخانكردنی بودجەیەكی فریاگوزاری بۆ ئاوارەكانی ئەو كەمپانەی كە لە ئەنجامی بارانبارینەكاندا تووشی زیان بوون بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و لیژنەی باڵای بەهاناچوونی ئاوارەكان.

لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانەوە، شیروان میرزا قادر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس كورد-ی وت" پڕۆژە بڕیارەكەی پەرلەمان هەموو ئەو پارێزگایانە دەگرێتەوە كە زیانیان بەركەوتووە لە ئەنجامی بارانی بەلێزمە و لافاوەوە، بە هەرێمی كوردستانیشەوە و قەرەبوویان دەكرێتەوە".

.

ئاماژەی بەوەش كرد، لیژنەیەكی پەیوەندیدار پێكدەهێنرێت لە حكومەت و نۆ پەرلەمانتار، بۆ سەردانیكردنی ئەو شوێنانەی زیانیان بەركەوتووە لە ئەنجامی لافاوەكان بۆ دەستنیشانكردنی قەبارەی زیانەكە و دواتر قەرەبووكردنەوەیان.

.