گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە

بەشیر حەداد: بەمنزیکانە شاندی هەرێم دێنەوە بەغدا و ڕێککەوتنی کۆتایی دەکرێت

2020.05.30 - 19:03
بەشیر حەداد: بەمنزیکانە شاندی هەرێم دێنەوە بەغدا و ڕێککەوتنی کۆتایی دەکرێت

ناس کورد-

ماوەی 30 ڕۆژ لەبەردەم هەرێم و بەغدایە بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتی کۆتایی لەسەر پرسی نەوت و بودجە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەمنزیکانە شاندی هەرێم دەگەڕێنەوە بەغدا و لەماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا دەگەنە ڕێککەوتن، چونکە گفتوگۆکانی ڕابردوو ئەنجامی باشیان هەبووە.

 

لە هەفتەی رابردوودا، وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردبوو، ڕەزامەندی نیشاندابوو لەسەر ناردنی 400 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەدوای ناردنی پارەکەوە پێویستە لەماوەی 30 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی نەوت و بودجە.

 

دوێنێ هەینیش، بەگوێرەی نوسراوێکی وەزیری دارایی عێراق، 400 ملیارەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرا، واتە لەمڕۆوە 30 ڕۆژ لەبەردەم حکومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن.

 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کورد بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەدیاریکراوی دیار نییە کەی شاندەکەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەنەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی 30 ڕۆژ دیاریکراوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوا بەمنزیکانە سەردانی بەغدا دەکەنەوە".

 

وتیشی، گفتوگۆکانی هەردوولا لەماوەی ڕابردوودا ئەرێنی و جێگای دڵخۆشی و ئومێدن و زەمینەسازییەکی باش کراوە بۆ ئەوەی لەماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، چونکە پێشتر زۆر شت لەنێوان هەردوولادا یەکلاکراوەتەوە و تەنها هەندێک وردەکاری ماوە.

 

بەگوێرەی ئەو نوسراوانەی پێشتر کە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەاوانەی هەرێم کراون، ئەو 400 ملیارەی دوێنێ نێردراوە بۆ هەرێم کۆتا بڕە پارەیە پێش ڕێککەوتن و تاوەکو ڕێکنەکەون بەغدا پارەی دیکە نانێرێت، بەشیر حەداد ئەوەی ڕونکردەوە: "دۆخەکە ناگاتە ئەوەی پارە نەنێرن و لەماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا ڕێککەوتن دەکرێت و بەغدا پارە دەنێرێت".

 

دەربارەی ئەوەی ئەو ڕێککەوتنەی دەکرێت، تەنها بۆ ساڵی 2020 دەبێت یاخود درێژخایەن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، ڕێککەوتن لەسەر بودجە بۆ ئەمساڵە و ساڵی 2021 بودجەی نوێ دەچێتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەندێک پرسی دیکە هەیە لەنێوان هەردوولا کە ڕێککەوتنی درێژخایەنی لەسەر دەکرێت و دەبێتە بنەما بۆ ساڵانی داهاتووش.

 

لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی لەعێراق و هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، بەغدا بەپاساوی ڕادەستنەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرت و ئەوەش دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لێکەوتەوە کە تائێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە.