گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم؛ 37%ی موچە بۆ هێزە ئەمنییەكانە بەڵام پەروەردە و تەندروستی 28%

2020.05.30 - 17:30
هەرێم؛ 37%ی موچە بۆ هێزە ئەمنییەكانە بەڵام پەروەردە و تەندروستی 28%

ناس کورد-

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی ئاشکرای دەکات، ناهاوسەنگی لە ڕێژەی چەکدار و کارمەندانی پەروەردە و تەندروستیدا هەیە بەشێوەیەک، 37% موچە بۆ هێزە ئەمنییەكانە و پەروەردە و تەندروستی 28%، سەنتەرەکە چەند پێشنیازێکیش دەخاتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی هەرێم.

 

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی كە ناوەندێكی توێژینەوەی زانستی ناحكومییە، لەمیانەی "ڕانانی ئایندەیی ژمارە 4" بەناونیشانی "حکومەتی نوێی عێراق و قەیرانی ئابووریی هەرێمى کوردستان؛ لەمپەر و سیناریۆکان" ئەمڕۆ شەممە 30 ئایاری 2020 بڵاوکراوەیەکی بڵاوكراوەتەوە.

 

سەنتەرەکە لە بەدواداچوونێکی تایبەتدا ئاشكرای کردووە، ناهاوسەنگی زۆر لە ڕێژەی چەکدار و هێزەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەک و ڕێژەی کەرتی تەندروستی و پەروەردە لەلایەکی دیکەوە هەیە، بەجۆرێك نزیکەی 37.8%ی موچە دەدرێتە هێزی چەکدار و ناوخۆ، بەرامبەر تەرخانكردنی 28.7% بۆ هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستی.

 

 

 ئەوەشی روونكردووەتەوە، دابەشکاری فەرمانبەران و بێکاریی شاراوە و "بندیوار" و دوو موچە و یاسای خانەنشینی پێشووی پلەباڵاکان بارگرانییەکی زۆریان بەسەر بەهەدەردانی داهاتی هەرێمەوە هەیە، بە جۆرێک زۆرێک لە داهات کە دەردەچێت و وەک پارەیەکی نابەرهەمهێن دەردەچێت و چیدی بە سوڕێکی تەندرووستدا ناگەڕێتەوە، یان هەر ناگەڕێتەوە نێو سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان.

 

لە رانانەكەدا ئاماژە بە لێدوانێكی سەرۆكی حكومەت دراوە كە وتویەتی 80%ی داهاتی هەرێم بۆ 20%ی دانیشتووان خەرج دەکرێت، ئەمەشی بەنیشانەی ئەو دابەشکارییە نائابوورییانەیە داناوە  کە "دیدگایەکی کوشندەی ڕێکخستنی خەرجییەکانی" بەسەردا زاڵە  بەدرێژایی كابینەكانی حكومەتی هەرێم.

 

رانانەكەی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی ئەوەش رووەندەكاتەوە، داهاتی حكومەتی هەرێم بەر لە كۆرۆنا بەمجۆرە بووە: داهاتی ناوخۆ: 240 ملیار، وەدەستهاتووی نەوت: 360 ملیار، بڕی دابینکراوی حکومەتی عێراق: 452 ملیار، سەرچاوەی دیکە: نزیکەی 20 ملیارێک. لە کۆی ئەم داهاتەش، بڕی 886 ملیار دیناری بۆ موچە، 200 ملیاری بۆ خەرجی وەزارەتەکان و 35 ملیاری بۆ پرۆژەکان تەرخان دەکرا.

 

لە سەرووبەندی دۆخی کۆرۆنا و بازاڕی نەوتی جیهانی و ڕاگیرانی ژیانی ئاسایی و بازاڕی هەرێمی کوردستان، لە مانگی سێ و چواردا (بە گوێرەی زانیارییەکان)، کە لوتکەی قەیرانەکەی وێنا دەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەو داهاتەی دەستی دەکەوت و 45٪ی داهاتی فرۆشی نەوت و 90٪ی داهاتی نێوخۆی کەمی کرد.

 

بۆ چارەسەری بارودۆخ و قەیرانە داراییەكەش سەنتەرەكە نەخشەرێگایەك دەخاتە ڕوو كە ئەمە گرنگترین خاڵەكانییەتی:

 

یەکەم: جێبه‌جێكردنی "یاسای چاكسازی"، به‌شێوه‌یه‌كی ورد و دادپه‌روه‌رانه‌ و فراوانكردنی بۆ سێكته‌ره‌كانی­تری خزمه‌تی گشتی، دادوه‌ریی و یاسادانان.

 

دووەم: هاوسه‌نگی زیاتر بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهاتی نیشمانی به‌شێوه‌یه‌كی دادپەروەرانە‌تر، كه‌ تیایدا ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌ت ڕەخساندن و فراوانكردنی هه‌لی كار بێت بۆ هاوڵاتیان له‌ بری دامه‌زراندن.

 

سێیەم: فره‌چه‌شنكردنی ئابووریی هه‌رێم و ده‌ربازكردنی له‌ هه‌ژمونه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی نه‌وت.

 

چوارەم: بچوككردنه‌وه‌ و چالاكتركردنی حكومه‌تی هه‌رێم و داموده‌زگاكانی له‌ رێی لكاندنەوەی هه‌ندێ له‌ وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌سته ‌و به‌ڕێوەبەرایه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها په‌یڕەوكردنی ناناوه‌ندێتی كارگێڕی و دارایی فراوان.

 

پێنجەم: كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژە‌ی بودجه‌ی نامه‌ده‌نی.

 

شەشەم: دامه‌زراندنی سیستمێكی بانكی سه‌ربه‌خۆ و متمانەپێكراو.

 

حەوتەم: به‌هێزكردن و سه‌ربه‌خۆكردنی زیاتری كه‌رتی تایبه‌ت و دامو‌ده‌زگاكانی.

 

هەشتەم: دانانی سیستمێكی كارا و دادپه‌روه‌رانه‌ی باج (باجی هه‌ڵكشاو).

نۆیەم: یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ داراییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌پێی ده‌ستور.

 

دەیەم: سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، كارو‌كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنی باڵا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ گرنگی ته‌واو بدرێت به‌ خوێندنی پیشه‌یی و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ گه‌شه‌پێدانی بازاڕی كار.