گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باوکی ڕابەر: ڕۆژانە لە سجن خواردنم دەبرد بۆ دەستگیرانەکەى!

ناس کورد چیرۆکی کوشتنی گەنجێکی پشدەر لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە بڵاودەکاتەوە

2020.05.30 - 16:28
ناس کورد چیرۆکی کوشتنی گەنجێکی پشدەر لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە بڵاودەکاتەوە

 

ناس کورد - سابیر عەبدوڵا

دوای شەش ڕۆژ لە دیارنەمانی، ڕۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2020، تەرمی ڕابەری 27 ساڵ لە گوندی شۆڕانی سەر بە قەزای پشدەر دۆزرایەوە، پۆلیس دوو کەسی بە تۆمەتی کوشتنی ناوبراو دەستگیرکرد، بەڵام ئەوەى جێگەی سەرسوڕمان بوو، یەکێک لە بکوژەکان دەستگیرانەکەیەتی کە چەند مانگێکی کەم ئەڵقەی هاوسەرگیرییان گۆڕیبووەوە.

 

بەڵام ڕووداوەکە چۆن بووە؟

سێ مانگ لەمەوپێش ڕابەر لەگەڵ کچێکی قەڵادزێی کە تەمەنی 18 ساڵ  بە ڕەزامەندی هەردوو بنەماڵە هاوسەرگیری دەکەن، بەرەبەیانی 19ی ئایار بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەی ھاوسەرگیرییەکەیان، ڕابەر و دەستگیرانەکەى پێکەوە دەچنە دادگای بەرایی پشدەر بەڵام ھەر لەو ڕۆژە بەدواوە ڕابەر دیارنامێنێت و دەزگیرانەکەشی دەڵێت، "ئۆتۆمبێلەکەی تێکچووە و منی بە تەکسی ناردووەتەوە."

 

وەستا حەمەئەمینی باوکی ڕابەر چیرۆکەکەى بۆ ناس کورد گێڕایەوە و وتی، "دواتر چووم بۆ ئەو شوێنەی دەستگیرانی ڕابەر پێی وتم، ئۆتۆمبێلەکەی ڕابەرم دۆزییەوە کە سویچی لەسەر بوو، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بەڵام هەر ئەو کاتە زانیم کوڕەکەم شتێکی بەسەر ھاتووە، بۆیە چومە پۆلیس و سکاڵام تۆمار کرد".

 

دوای شەش ڕۆژ لە دیارنەمانی، پۆلیس تەرمی ڕابەریان لە گوندی شۆڕانی سەر بەقەزای پشدەر لە جۆگەیەکی ئاودا دۆزییەوە.

 

"دواتر کە دەستگیرانەکەى دەستگیرکرا زۆرمان لا سەیر بوو، چونگە دەستگیرانەکەى لەکاتی دیارنەمانی ڕابەردا لەگەڵ ئێمە بە شوێنیدا دەگەڕا و ھیچ کات وای خۆی نیشان نەداوە ئەو کوشتبێتی، بۆیە کە دەستگرکرا لە سجن چەند جارێک خواردنم بۆ برد".

 

دایکی ڕابەر بەدەم ماچکردنی وێنەی کوڕە کوژراوەکەیەوە و بە گریانەوە قسەی بۆ ناس کورد کرد و وتی، "ئەو بەیانییەی ڕابەر چوو مامەڵەی زەواجی تەواو بکات، کاتژمێر دەوروبەری 10:30 ھاتنەوە و زۆریش دڵ خۆش بوون،  تەنانەت دەستگیرانەکەى دەستی ماچ کردم، تێناگەم ئەو کارە چۆن ڕویداوە؟!"

 

"بڕیار بوو  6-6-2020 ئاھەنگی گواستنەوە بکەن، تەنانەت ھۆڵیان گرت بوو و پارەکەشیان دابوو،ئێمە ماڵی جیامان بۆ دانابوو لە نزیک خۆمان و سەرجەم پێداویستییەکانمان بۆ دابین کردبوون".

 

دایکی بە دەم ھەڵکێشانی ئاھی ساردەوە وتیشی، "من جەرگم سوتا و وێران بووم، بەڵام بۆ ئەوەی کەسی تر جەرگی نەسوتێ،" داواکارە خوێنی کوڕەکەی بەزایە نەڕوات و بکوژان و ھەموو ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەیدا ھەبووە سزایی یاسایی خۆیان وەربگرن.

 

پۆلیسی ڕاپەڕین چی دەڵێت؟

لەوبارەیەوە، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ناس کوردی وت، "یەکێک لەو دوو کەسەی بە تۆمەتی کوشتنی ڕابەر دەستگیرکراون دەستگیرانەکەیەتی، لە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر دانی بە کوشتنی ڕابەردا ناوە".

 

سەبارەت بە ھۆکاری کوشتنی ڕابەر، شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کراوەتەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن تاوەکو بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، "بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکی ئەو گەنجە لەڕێگەی زەبری دەرەکییەوە کوژراوە و ھیچ ئاسەواری کولـلەی پێوە نییە".

 

چەند کەسێکی نزیک لە ڕووداوەکە بە ناس کوردیان وت، دەستگیرانەکەى لەگەڵ کەسێکی تردا پەیوەندی هەبووە کە خزمی خۆی بووە و بەڵێنی پێی داوە "ئەگەر دەستگیرانەکەى بکوژێت ئەوە مارەى دەکات."