گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەدەغەى هاتوچۆ دەسەپێنرێتەوە؟

ناس کورد ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى وەزارەتى تەندروستى و بڕیارە نوێیەکان بڵاودەکاتەوە

2020.05.30 - 15:40
ناس کورد ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى وەزارەتى تەندروستى و بڕیارە نوێیەکان بڵاودەکاتەوە

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم کۆبووەوە بەمەبەستى تاوتوێکردنى ڕێکارەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا و جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونى هاوڵاتیان بە رێنماییەکانى خۆپارێزى، بەڵام هیچ پێشنیازێکى بۆ ڕاگەیاندنەوەى قەدەغەى سەرتاسەرى هاتوچۆ نەخستەڕوو.

 

ماوەى چەند هەفتەیەکە ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى بەرچاو رووى لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە، دواى سوککردنى رێوشوێنەکانى خۆپارێزى و نەمانى قەدەغەى هاتوچۆ.

 

بڕیارى نوێ
محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزارەت لەرێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەتەوە، کە تێیدا تاوتوێی دوایین رێکارەکان کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا.

 

وتیشى، "لە کۆبوونەوەکەدا هەندێ بڕیارى نوێ درا، کە زیاتر پەیوەستن بە هۆشیارکردنەوەى خەڵک بە رێنماییەکان و پابەندبونیان بە رێنماییەکانى خۆپاراستن، چونکە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە ئاستێکى مەترسیداردایە."

 

محەمەد قادر باسى لەوەشکرد، "هەروەها بریار درا ژمارەى پشکنینەکان زیاتر بکرێت، بەدواداچوونى زیاتر بکرێت بۆ ئاهەنگ و پرسەکان، سەردانى تیمە تەندروستییەکان زیاتر بکرێت، رێنمایی تایبەت بە دەوامى فەرمانگەکان دەربکرێت و شێوازى کارى یەک پەنجەرەیی پەیڕەو بکرێت".

 

قەدەغەى هاتوچۆ
لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیدا وەزارەتى تەندروستى هیچ پێشنیازێکى گەڵاڵە نەکرد بۆ وەزارەتى ناوخۆ تا قەدەغەى هاتوچۆى سەرتاسەرى ڕابگەیەنرێتەوە، بەڵام جەختیکردەوە لەسەر داخستنى هەر ناوچەیەک کە ڤایرۆسەکە بەئاستێکى مەترسیدار تێیدا بڵاوبێتەوە.

 

محەمەد قادر وتى، "هیچ بریارێک نەدرا لەبارەى قەدەغەى هاتوچۆى سەرتاسەرییەوە، بەڵام هەر ناوچەیەک کە بە ئاستێکى مەترسیدار کۆرۆنا تێیدا بڵاوبێتەوە دادەخرێت، تا ئەوکاتەى روپێوی مەیدانى و پیشکنینى تێدا ئەنجام دەدرێت لە چوارچێوەى رێوشوێنە تەندروستییەکاندا".

 

پلانى نوێ
بڵاوبوونەوەى دوبارەى خێراى ڤایرۆسەکە لە هەرێمى کوردستان پرسی توشبوونى خەڵکێکى زۆرى بەشێوەى قۆناغبەندى هێناوەتە ئارا تا بەشێوەى سروشتى بەرگرى لەدژى ڤایرۆسەکە دروستبکەن، وەک نوێترین هەوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە.

 

بەڵام وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى جەختیکردەوە، وەزارەتەکەیان پلانى لەو شێوەیەى نییە، چونکە ئەو وڵاتانەى پەنایان بۆ ئەو رێگەیە برد وەکو سوید شکستیان هێنا و ئێستا رێژەى مردن تێیاندا زۆر بەرز بووەتەوە، جگە لەوەى هیچ بەڵگەیەکى زانستى نییە لەو بارەیەوە و لەجیهاندا توشبوو هەیە کە بۆ دووەم جار توشى ڤایرۆسەکە بووەتەوە.

 

پێشبینییەکان

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تەنها لەم مانگەدا نزیکەى 200 حاڵەتى کۆرۆنا تۆمارکراون، لەکۆى 575 توشبوو کە 409 کەسیان چاکبوونەتەوە و پێنجیشیان گیانیان لەدەستداوە.

 

هەرچەندە وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى جەختیکردەوە کە پێشبینیکردن بۆ بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا قورسە، بەڵام وتى ئەگەر خەڵک بەم شێوەیەى ئیستا بەردەوام بێت لە پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، ئەوکات پێشبینى مەترسی گەورە دەکرێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر خەڵک پابەندبن پێشبینیدەکرێت ئامارەکە پاشەکەشە بکات.


ڕەوشى توشبووان

بەراورد بە توشبووەکانى پێشوو، بەشێکى زۆر لە توشبووە نوێیەکان نیشانەى ڤایرۆسەکەیان لەسەر دەرکەوتووە و پێویستیان بە چارەسەرە، لەکاتێکدا زۆربەى زۆرى توشبووەکانى پێشوو هیچ نیشانەیەکیان لەسەر دەرنەکەوتبوو.

 

محەمەد قادر وتى، "تا ئێستا هیچ نەخۆشێک پێویستى بەوە نەبووە بخرێتە ژورى چاودێرى چڕ، بەڵام ژمارەى ئەو توشبووانە زۆرە کە پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد هەیە و ئەگەر ئەوە نەبێت ناتوانن هەناسە بدەن".