گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناردنى موچە لەلایەن بەغداوە بەپێی ڕێککەوتنە

ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەکات ’’جارێکى تر موچە دەکەوێتە مەترسییەوە’’

2020.05.30 - 14:25
ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەکات ’’جارێکى تر موچە دەکەوێتە مەترسییەوە’’

ناس کورد-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕەوانەكردنی پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە بەپێی ڕێكکەوتنە و حكومەتی عێراق پێویستی بەدەرخستنی نیازپاكی نییە چونكە پابەندی ڕێكکەوتنەكان بووە.

 

بەپێی نوسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراق کە بەروارى 24ى ئەم مانگەى لەسەرە، بڕیاردراوە بڕى 400 ملیار دینار بخرێتە سەر حسابی بانکى وەزارەتى دارایی هەرێم، وەک شایستە داراییەکانى مانگى نیسانى ئەمساڵ.  

 

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس كوردی ڕاگەیاند، زانیاری ئەوەی لەبەردەستتدا نییە ئەو پارەیەی بەغدا كە 400 ملیارە گەیشتووەتە هەرێم یاخود نا، بەڵام گەر ئەو پارەیە گەیشتبێتە هەرێم هەروەكو ئەوانەی پێشتر كە زیاتر لە 13 مانگە بەغدا ئەو پارەیە دەنێرێت بەپێی ڕێكکەوتنە.

 

وتیشی، "بەغدا پێویستی بەدەرخستنی نیازپاكی نییە بۆ ڕەوانەكردنی پارەكە وەكو شایستە داراییەكانی هەرێم بۆ موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2019، چونكە ئەو بەردەوام پابەندی بەڵێن و یاساكە بووە و ناردوویەتی بەڵام ئەوەی پێویستی بەنیازپاكییە حكومەتی هەرێمە دەبێت ڕێكکەوتنەكان جێ بەجێ بكات".

 

 

ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەکۆتایی کابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا و لەمانگى نیساندا بڕیاری دا بە ڕاگرتنى ناردنى ئەو بڕە پارەیە بەهۆى ڕادەستنەکردنى نەوت لەلایەن هەرێمەوە، دواى دەستبەکاربوونیشى وەک سەرۆکوەزیران مستەفا کازمى رەزامەندیدا لەسەر رەوانەکردنى پارەکە بۆ ماوەى مانگێک، تا دانوستانەکانیان لەگەڵ هەرێم دەگاتە ئەنجام.  



ئەندامەكەی لیژنەی دارایی هۆشداری ئەوەیدا، گەر حكومەتی هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی بڕی نەوتی دیاریكراو نەبێت كە بەپێی ڕێكکەوتنەكان هاتووە ئەوا جارێكی تر موچە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكەوێتە مەترسییەوە.

 

ناردنى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لەکاتێکدایە، هەرێم و بەغدا ماوەى نزیکەى دوو مانگە چەند قۆناغێکى دانوستانیان ئەنجامداوە بۆ چارەسەرى کێشەکان بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە رێککەوتن.  

 

جەمال كۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كازمی لە بەرانبەر ڕەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێ ڕادەستكردنی نەوت بە فیدراڵ، لەژێر فشاری چەند لایەنێكی سیاسی عێراقدایە و گەر حكومەتی هەرێم پابەند بێت و نەوتەكە و ئەو داهاتانە ڕادەست بكات كە لە كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ بەغدا بەڵێنی لەسەر داوە و لەڕێكەوتنەكاندا هاتووە، ئەوا فشارەكانی سەر كازمی نامێنن و پاساو بۆ ڕێگریكردن لەڕەوانەكردنی ئەو بودجەیە بۆ هەرێم نامێنێت.

 

هەرێمى کوردستان لە دانوستانەکاندا ئامادەیی نیشانداوە 250 هەزار بەرمیلى رۆژانە و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستى بەغدا بکات، کە بەغدا داوای دەکات، بەڵام هێشتا لەسەر ئەو بڕە پارەیە ڕێکنەکەوتوون کە هەرێم لە بەرانبەر ئەوەدا داوای دەکات.  

 

دواى بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ڕەوانەکردنى 400 ملیار دینار بۆ هەرێم، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بە رێگەیەکى ئیجابیدا دەڕۆن بۆ چارەسەرى سەرجەم کێشە داراییەکان لەناویاندا پاراستنى مافى فەرمانبەرانى هەرێم بەپێی دەستور.