گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێشتا تەرمەکانیان نەهێنراونەتەوە

بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا باوک و کوڕێکیان لە دێرەلوک شەهید کرد

2020.05.30 - 13:31
بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا باوک و کوڕێکیان لە دێرەلوک شەهید کرد

ناس کورد-

بەڕێوەبەرى ناحیەى دێرەلوک سەر بە قەزاى ئامێدى ڕایگەیاند، بەهۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە دوو هاوڵاتى شەهیدبوون و تا ئێستاش تەرمەکانیان نەهێنراونەتەوە.

 

بۆردومانەکە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ئەنجامدراوە بۆ سەر چیاى لینک لە سنورى گوندى هێتۆتە سەر بە ناحیەى دێرەلوک لە قەزاى ئامێدى.

 

سامى ئۆشان، بەڕێوەبەرى ناحیەى دێرەلوک بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەهۆى بۆردومانەکەوە باوکێک و کوڕەکەى شەهیدبوون و تا ئێستاش تەرمەکانیان لە شوێنى بۆردومانەکەیە و نەهێنراونەتەوە".

 

وتیشى، "پیاوەکە ناوى جەلال نورەدینە و تەمەنى 60 ساڵە، کوڕەکەشى ناوى ئەحمەدە و لە سییەکانى تەمەنیایەتى".

 

بەپێی ئامارەکان، لەماوەى چوار ساڵدا 23 هاوڵاتى لەسنورى ئامێدى گیانیان لەدەستداوە بەهۆى بۆردومانى فرۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە.

 

لاى خۆیەوە، وەزارەتى بەرگرى تورکیا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "دوو گەریلاى پەکەکە بەهۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ سەر ناوچەى ئاڤاشین لە باکورى عێراق کوژراون".

 

جەختیشیکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر پەکەکە.

 

بۆردومانەکانى تورکیا کە ماوەى چەند ساڵێکە زیاتر بوون بۆ سەر ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان، بە پاساوى بە ئامانج گرتنى گەریلاکانى پەکەکەیە، بەڵام هەندێکجار بۆردومانەکان زیانى گیانى لە ریزى هاوڵاتیانى مەدەنى لێدەکەوێتەوە، سەرەڕاى زیانى مادییەکان.  

 

هەفتەى ڕابردوو تورکیا گوندى سەفرەى سەر بە قەزاى ماوەتى لە پارێزگاى سلێمانى بۆردومانکرد و جگە لە بە ئامانج گرتنى ئۆتۆمبیلێک کە بەهۆیەوە پێنج ئەندامى فەرمانداریی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) گیانیان لەدەستدا و نەخۆشخانەى گوندەکەش خاپوربوو.