گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’با ئێمەش ببەخشرێین وەک ئەوانەى زانکۆ’’

خوێندکارانی سێ پەیمانگا لە سلێمانی هەڕەشەی بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەن

2020.05.30 - 12:44
خوێندکارانی سێ پەیمانگا لە سلێمانی هەڕەشەی بایکۆتی تاقیکردنەوەکان دەکەن

ناس کورد - ڕۆژیار سیروان 

خوێندکارانى سێ پەیمانگاى سەر بە وەزارەتى پەروەردەى هەرێم لە سلێمانی گردبوونەوە و داواکارن ئەوانیش وەک خوێندکارانی زانکۆ ببەخشرێن لە تاقیکردنەوەى کۆتایی ساڵ و وەرزى یەکەمیان بۆ هەژمار بکرێت.

 

ئەمڕۆ شەممە، 30ی ئایارى 2020، بەشێک لە خوێندکارانى هەر سێ پەیمانگاى "هونەرە جوانەکان - کۆمپیوتەرى حکومى و ناحکومى ـ نەوت و گاز" لە بەردەم پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى گربوونەوەیەکى نارەزایەتیان ئەنجام دا.

 

نوێنەرى ئەو خوێندکارانە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "داواکارین هیچ جیاوازیەک نەکرێت و بڕیارى دەرچوون بە کۆرسى یەکەم بمانگرێتەوە وەکو سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانى ناوەندەکانى خوێندن دەیانگرێتەوە لە هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە."

ڕەوەند ئەحمەد، نوێنەرى خوێندکارانى پەیمانگاى هونەرە جوانەکان ڕاشیگەیاند، بەهۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى تووشبووانى ڕۆژانەى ڤایرۆسى کۆرۆنا کە ڕاستەخۆ مەترسیە بۆ سەرجەم خوێندکاران لە کاتى تاقیکردنەوەکاندا، بۆیە داوا دەکەن خوێندکارانى قۆناغی پێنجیش لەبەرچاوبگرن و ببەخشرێن لە تاقیکردنەوەکان. 

 

خوێندکارانى ناڕازى بەیاننامەیەکى شەش خاڵیان ئاڕاستەى وەزیرى پەروەردە کرد تا بەدەنگ داواکاریەکانیان بێت و لە وڵامى پرسیارێکى پەیامنێرى ناس کوردیش سەبارەت بە هەنگاوی داهاتوو، ڕەوەند ئەحمەد وتی، "تائێستا گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە بەڵام ئەگەر ناچاربین و وەزیرى پەروەردە هاودەنگ نەبێت لەگەڵمان ئەو کات ناچار دەبین بەشدارى تاقیکردنەوەکان نەکەین".

 

لەوبارەیەوە، عومەر ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەى ڕۆژهەڵاتى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، کۆتا قۆناغی ئەم سێ پەیمانگایە وەک  پۆلە کۆتاییەکان بۆیان هەژمار دەکرێت، "ئەبێت تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن."

 

وتیشی، سەرجەم نیگەرانییەکانیان ئاڕاستەى وەزیر کراوە و سبەى یەکشەممە کۆبوونەوەى وەزارەتى پەروەردە ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانە. 

 

ئەوە لە کاتێکدایە وەزیرى پەروەدەى حکومەتى هەرێم لەگەڵ نزیکبوونەوە جەژنى ڕەمەزان بە بریاێکى وەزارى هەژمارکردنى وەرزى یەکەمی خوێندنى ئەمساڵى بۆ وەرزى دووەم دەرکرد بۆ ئەوەى بەشدارى تاقیکردنەوەکان نەکەن، ئەو بڕیارە قۆناغی 12 و چەند پەیمانگایەکى حکومى و ناحکومى نەگرتەوە.

me_ga.php?id=172me_ga.php?id=171me_ga.php?id=170