گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئەرکى سەرەکى کازمى دیاریدەکات.. لەگەڵ نەیارەكانیشیدا دۆستایەتی دەكات

2020.05.30 - 11:52
ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی   ئەرکى سەرەکى   کازمى دیاریدەکات..  لەگەڵ نەیارەكانیشیدا دۆستایەتی دەكات

ناس کورد-

 

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاویکردەوە، گرنگترین ئەركی مستەفا كازمی پاراستنی هاوسەنگیە لەنێوان دوو نەیارە سەرەكیەكەدا كە ئەمریكا و ئێرانە و گرنگە لایەنگری هیچ لایەك نەکات و عێراقیش لەمەیدانی شەڕ دووربخاتەوە.

 

ڕۆژنامەی ووڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى لەڕاپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە، واشنتۆن و تاران بەكپی لەپشتی سیاسیەكی عێراقەوە كۆبوونەتەوە، كە دەكرێت یەكلا كەرەوە بێت بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری دۆخی پشێوی و نائارامی لەعێراقدا.

  

وەكو سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی بەكرداری دەستپێشخەرییەكی باشی كرد بۆ خۆپیشاندەران كە دژی هەژموونی ئێرانی و گروپەكانی سەر بەتاران بوو ئەوانەی كە خۆپیشاندانەكانیان بەپیلانگێڕی ئەمریكا دەزانی.

 

چەند ڕۆژێك دوای وەرگرتنی پۆستەكەی، فەرمانی بەڕوبەڕووبونەوەی گروپێكی چەكداری كرد كە خۆپیشاندانێكی لەباشوری شاری بەسرە كوشتبوو، ئەوەش وەكو هەنگاوێك سەیر كرا بەوەی خواستی سنوردانانی بۆ گروپە میلیشیاكانی سەر بەئێران هەیە، بەڵام چەند ڕۆژێك دوای ڕوداوەكە و بۆ دڵنیاكردنەوەی زیاتر ئەو گروپانە سەردانێكی نیچمە سەربازی بۆلای حەشدی شەعبی ئەنجامدا و دەستخۆشی چالاكیەكانیانی كرد لەشەڕەكانی دژی داعش دا.

 

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری غالب شابەندەر تویژەری سیاسی عێراقیەوە بڵاوی كردووەتەوە، كازمی هاوڕێیەتی دروستدەكات تەنانەت لەگەڵ نەیارەكانیشی دا.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەوانەی پشتیوانی دەكەن هیوایان وایە بتوانێت ئەو هاوسەنگیە شێواوەی دۆخی عێراق بپارێزێت لەپێناو خستنە سەر ڕێچكەیەكی باشتر، بەتایبەت دوای شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت.

 

ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، كازمی ڕوبەڕووی ئاڵنگاری سەخت دەبێتەوە گەرچی خۆپیشاندانەكان كەمبوونەتەوە بەڵام توڕەی جەماوەری لەهەموو كاتێك زیاترە.

 

دەشڵێت، بەرپرسانی ئەمریكا لەگەڵ كازمیان كاریان كردووە و بەسیفەتی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری لەشەڕەكانی دژی داعشدا متمانەیان پێی هەبووە و وەرگرتنی پۆستەكەشی دەرفەتێكی باشە بۆ چارەسەركردنی چەند گرفتێكی نێوان پەیوەندیەكانی عێراق و ئەمریكا كە لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا هەندێك گرژی تێكەوت.

 

لای خۆشیەوە، دیڤید شنیكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، كازمی كاری باشی كردووە وەكو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و پێشوازی لە هەوڵەكانی كردووە كاتێك بەهاوبەشی كاریان كردووە.

 

بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو، ئەمریكا و عێراق زنجیرەك دیالۆگی ستراتیژی بۆ دیاریكردنی داهاتووى پەیوەندییەكانیان ئەنجامبدەن و لەو بەرەو پیشچوونە نوێیەی نێوان هەردوو وڵاتیشدا چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیاری سیاسی و ئابووری و ئەمنی تاوتوێ دەكرێن.