گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا 400 ملیار دینارى رەوانەى هەرێم کرد

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى: دانوستانەکان بە ئاڕاستەى ئیجابیدا هەنگاو دەنێن

2020.05.29 - 23:39
سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى: دانوستانەکان بە ئاڕاستەى ئیجابیدا هەنگاو دەنێن

ناس کورد-

 

وەزارەتى دارایی عێراق پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى رەوانەى هەرێم کرد، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتیش دەڵێت دانوستانەکان بە ئاڕاستەى ئیجابیدا هەنگاو دەنێن.

 

بەپێی نوسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراق کە بەروارى 24ى ئەم مانگەى لەسەرە، بڕیاردراوە بڕى 400 ملیار دینار بخرێتە سەر حسابی بانکى وەزارەتى دارایی هەرێم، وەک شایستە داراییەکانى مانگى نیسانى ئەمساڵ.

ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەکۆتایی کابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا و لەمانگى نیساندا بڕیاریدا بە راگرتنى ناردنى ئەو بڕە پارەیە بەهۆى رادەستنەکردنى نەوت لەلایەن هەرێمەوە، دواى دەستبەکاربوونیشى وەک سەرۆکوەزیران مستەفا کازمى رەزامەندیدا لەسەر رەوانەکردنى پارەکە بۆ ماوەى مانگێک، تا دانوستانەکانیان لەگەڵ هەرێم دەگاتە ئەنجام.

 

ڤیان سەبرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق لەگەڵ بڵاوکردنەوەى نوسراوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق لە هەژمارەکەى لە فەیسبوک نوسیویەتى "دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بە رێگەیەکى ئیجابیدا دەڕۆن بۆ چارەسەرى سەرجەم کێشە داراییەکان لەناویاندا پاراستنى مافى فەرمانبەرانى هەرێم بەپێی دەستور".

 

ناردنى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لەکاتێکدایە، هەرێم و بەغدا ماوەى نزیکەى دوو مانگە چەند قۆناغێکى دانوستانیان ئەنجامداوە بۆ چارەسەرى کێشەکان بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە رێککەوتن.

 

هەرێمى کوردستان لە دانوستانەکاندا ئامادەیی نیشانداوە 250 هەزار بەرمیلى رۆژانە و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان رادەستى بەغدا بکات، کە بەغدا داوایدەکات، بەڵام هێشتا لەسەر ئەو بڕە پارەیە رێکنەکەوتوون کە هەرێم لەبەرانبەر ئەوەدا داوایدەکات.