گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان و وەزارەتى دەرەوەی عێراق ناکۆکییان لەبارەى ناوی باڵیۆزەکانەوە هەیە

2019.04.13 - 17:49
پەرلەمان و وەزارەتى دەرەوەی عێراق ناکۆکییان لەبارەى ناوی باڵیۆزەکانەوە هەیە

ناس نیوز-هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکى کوردی لیژنەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، هۆکاری ڕەتکردنەوەى ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی باڵیۆزەکان لەلایەن وەزیرى دەرەوەى عێراق تەنها مەحسوبیەت و مەنسوبیەتى خۆیەتى و هیچی تر.

شێرکۆ میروەیس، ئەندامی لیژنەى پەیوەندییەکانی دەرەوەى پەرلەمانى عێراق بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، محەمەد عەلی حەکیم، ناوی ئەو 28 کاندیدەى ڕەتکردەوە کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرابوون بۆ وەرگرتنى پۆستی باڵیۆزەکان.

شێرکۆ میروەیس وتیشى، هۆکاری ڕەتکردنەوەى ئەو کاندیدانە لەلایەن وەزیری دەرەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەحسوبیەت و مەنسوبیەتى وەزیری دەرەوە خۆی، "چونکە ئەو کاندیدانە بە هەموو فلتەرەکانی پەرلەماندا تێپەڕیوو و هیچ کێشەیان نییە و کەسیان پێشتر بەعس نەبوون."

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو 28 کاندیدە کە چەند کوردێکیشیان تێدایە سەرجەمیان ئەزمونێکى زۆریان هەیە لە بواری پەیوەندییەکانى دەرەوە و سەرجەم پلەکانی وەزارەتى دەرەوەیان بڕیوە و هەندێکیشیان پۆستى کونسوڵیان هەبووە.

شێرکۆ میروەیش وتیشى، "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کیشەیە لیژنەکەمان بەمزوانە بانگهێشتى وەزیرى دەرەوە دەکات."

هەفتەى پێشوو محەمەد عەلی حەکیم، وەزیرى دەرەوەى عێراق لیستى ئەو 28 کاندیدەى بۆ وەرگرتنى پۆستی باڵیۆزەکان ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەى هەندێکیان پێشتر بەعس بوون و هەندێکی دیکەیان کەم ئەزموونن.