گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ کەسایەتی ئێرانی ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لە عێراق بەڕێوەدەبەن کە یەکێکیان لە بەغدا لەدایکبووە

2020.05.29 - 14:01
سێ کەسایەتی ئێرانی ڕۆڵی قاسم سولەیمانی لە عێراق بەڕێوەدەبەن کە یەکێکیان لە بەغدا لەدایکبووە

ناس کورد-

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی لەبارەى پڕکردنەوەى جێگەى قاسم سولەیمانی لە عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سێ کەس ئەو ڕۆڵە دەگێڕن کە هەریەکە لە عەلی شەمخانی، ئیرەج مەسجدی و حەسەن دانایی فەڕن.

 

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز باس لە دانوستانە نهێنی و جموجوڵەکانی چەند کاتژمێر پێش دەنگدان بە کابینەکەى مستەفا کازمی دەکات بۆ "پاراستنی ئەو ئاوەى ئێران لە عێراق ڕشتوویەتی."

 

ڕاپۆرتەکە باس لە گۆڕانکاری سیاسەتی تاران دەکات لە ئێران، بە تایبەت ئەو ڕێبازە توندەى کە قاسم سولەیمانی پەیڕەوی دەکرد لە سەپاندنی خواست و ویستی خۆی لە عێراق، بەڵام وادیارە ئێستا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى فەیلەقی قودسی ئێران بەو شێوەیە نییە.

 

کەواتە ئەو سێ کەسە کێن؟ ئایا ئەوە ئاماژەیە بۆ شکستی قائانی؟

عەلی شەمخانی

لە ساڵی 2013ەوە شەمخانی وەک ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستبەکاربووە، پێش ئەوەى وەزیری بەرگری بووە لە ساڵی 1997ەوە تاوەکو 2005.

 

شەمخانی وەک کەسێک دەبینرێت کە پشتگیری ئەو باڵە ئێرانییە دەکات کە زیاتر واقیعیترە لە سیاسەتدا.

 

شەمخانی لە ساڵانی 1980 تاوەکو 1988 و لەکاتی شەری ئێران-عێراقدا سەرکردایەتی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کردووە.

 

کاتێک کە وەزیری بەرگری بوو، ساڵی 2000 سەردانی سعودیەی کرد وەک هەوڵێک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

 

ئیرەج مەسجیدی

لە ساڵی 2017ەوە وەک باڵیۆزی ئێران لە عێراق بەردەوامە و بووە جێگرەوەى حەسەن دانایی فەڕ، هەردووکیشیان لە فەرماندە ناسراوەکانی سوپای پاسدارانن.

 

وەک ڕاوێژکاری قاسم سولەیمانی لە عێراق کاری کردووە، ئەزمونی زیاتر لە 35 ساڵی لە سوپای پاسداران هەیە و زۆر ڕۆچووە لە شارەزایی کاروباری عێراقدا.

 

بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای واشنتن بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی نزیک مەسجیدی پۆستی سەرۆکى ئەرکانی بارەگای "ڕەمەزانی" لە سوپای پاسداران وەرگرتووە.

 

ساڵی 1983 ئێران بارەگای "ڕەمەزانی" دامەزراند و ئەرکی سەرەکیشی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی بوو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی شەڕی ئێران عێراقدا.

 

لەدوای ساڵی 2003ەوە مەسجدی دەستی باڵای هەبووە لە کارەکانی "فەیلەقی قودس" لە عێراق کە چەندین هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بوونەهۆی کوژران و برینداربوون و ڕفاندنی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە عێراق.

 

حەسەن دانایی فەڕ

لەئێستادا سەرۆکى لیژنەى پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی سوریا و ئێران و عێراقە، پێشتر و لە ساڵانی 2010 تاوەکو 2017 باڵیۆزی تاران بووە لە بەغدا و پێشتریش لە دەزگای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ئێران کاری کردووە.

 

دانایی فەڕ بەرپرس بووە لە هەوڵەکانی ئێران لە ئاوەدانکردنەوەى حسێنییەکانی کازمیە و کەربەلا و نەجەف.

 

دەوترێت دانایی فەڕ لەدایکبووی ساڵی 1962ی بەغدایە، دواتر وەک جێگری فەرماندەى هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران دەستبەکاربووە کاتێک عەلی شەمخانی فەرماندەى بوو.

 

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان دەڵێن لەکاتی شەڕی ئێران و عێراقدا لە عێراق دەرکراوە بەوپێیەی ڕەسەنی ئێرانی بووە و لە ڕێکخراوی بەدر کاری کردووە.



دانوستانە نهێنییەکان

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی ڕۆیتەرز، چەند کاتژمێرێک پێش دەنگدانی پەرلەمان بە کابینەکەى کازمی، حەسەن دانایی فەڕ و ئیرەج مەسجیدی سەرۆکى حزب و گروپە چەکدارییەکانیان ڕازی کردووە کە پشتگیری کازمی بکەن.

 

بەڵام ڕاپۆرتەکە باسی لە ڕۆڵی ئیسماعیل قائانی نەکردووە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقیدا.

 

ڕەعد هاشم، شیکەرەوەى سیاسی عێراقی بە ماڵپەڕی حوڕەی وتووە کە "زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران ڕۆڵەکانی لەبارەى عێراقەوە لە نێوان چەند بەرپرسێکدا دابەشکردووە، بە شێوەیەک دۆسیەی سیاسی لای عەلی شەمخانی و ئیرەج مەسجدی و حەسەن دانایی فەڕە، بەڵام ئیسماعیل ئاقانی کاروباری سەربازی و دۆسیەی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران وەرگرتووە."

 

ڕەعد هاشم پێی وایە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران پێی وایە قائانیی ناتوانێت زاڵ بێت لەسەر سەرکردە و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران."

 

دەشڵێت، "قائانی ئەزمونی تەواوی نییە لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ عێراقییەکان، زانیاری تەواویشی لە دۆخی عێراق کەمە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرماندە سەربازیی و سیاسییەکاندا زۆر بەرز نییە."