گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەى ’’مەترسی تەشەنەسەندنی’’ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم

2020.05.29 - 10:37
پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەى ’’مەترسی تەشەنەسەندنی’’ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم

ناس کورد-

مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم هۆشداری دەدات لە "مەترسیداری تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا" لە هەرێم و هەندێک لایەن تۆمەتبار دەکات بە "سیاسیکردنی هەوڵەکانی حکومەت" بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوە.

 

ئەمڕۆ هەینی، 29ی ئایاری 2020، مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جدیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

 

دەشڵێـ، "ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی."

 

"بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن."

 

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە داوا لە هەموو هاوڵاتیانی هەرێم دەکات "پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە."