گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێكى ليژنەى دارايى : دەستكاریكردنى موچەى فەرمانبەران كارەساتى لێ دەكەوێتەوە

2020.05.28 - 23:23
ئەندامێكى ليژنەى دارايى : دەستكاریكردنى موچەى فەرمانبەران كارەساتى لێ دەكەوێتەوە

ناس کورد-

 

سامر زيبان حەمدانى، ئەندامى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق هۆشدارى دەدات لە دەستكاریكردنى موچەى فەرمانبەران و كەمكردنەوەى، دەشڵێت، ئەو کارە كارەساتى ئابورى گەورەى لێ دەكەوێتەوە.

 

حەمدانى لە ڕاگەیەندراوێكدا باسى لەوەكردوە، فەرمانبەران بەشێوەيەكى سەرەكى پشت بە موچە دەبەستن لە ژيانياندا و تاكە سەرچاوەى ژيانيانە، بۆيە دەستكاریكردنى موچە دەبێتە هۆى كارەساتى ئابورى گەورە و ئەوەش دەستبردنە بۆ ژيانى بەشێكى گەورەى كۆمەڵگە و خێزانەكانيان.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕاى ئەوەش ئەگەر موچە كەمبكرێتەوە ئەوا دانەوەى سولفە و قەرز و كرێ دەوەستێ، بۆیە پێویستە حکومەت بەدواى سەرچاوەى ترى داهاتدا بگەڕێت لەبرى كەمكردنەوەى موچە.

 

ئەندامەكەى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق ڕونيشيكردوەتەوە، حكومەتى عێراق جگە لە نەوت داهاتى ترى گەورەى هەيە لە خاڵە سنوريەكان و گومرگ و باج و كرێى فەرمانگەكانى سەربە وەزارەتى نەوت و وێستگەكانى بەنزين و ئاو و كارەبا و ئەو داهاتەى لاى هەرێمى كوردستانە.

 

سامر زيبان حەمدانى تەئكيديشى كردوەتەوە، موچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت بە ياسا دانراوە و دەستكارى كردنى پێشێلكردنى ياسا و دەستورە.

 

ماوەى چەند مانگێكە بەهۆى دابەزينى بەرچاوى نرخى نەوتى خاوەوە كێشەى دارايى بۆ عێراق دروست بوە و چەندين ڕێوشوێنيش بۆ زيادكردنى داهات و كەمكردنەوە خەرجى باس دەكرێت، هەروەها بڕينى بەشێكى موچەى فەرمانبەرانيش يەكێكە لە پێشنيارەكان.