گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو گەنجەی لە سلێمانی خۆی بە تاوەری کارەباکەدا هەڵواسی تائێستاش نازانرێت کێیە

2020.05.28 - 21:56
ئەو گەنجەی لە سلێمانی خۆی بە تاوەری کارەباکەدا هەڵواسی تائێستاش نازانرێت کێیە

ناس کورد-

دوای دوو هەفتە لە کۆتاییهێنان بەژیانی خۆی، تائێستا ناسنامەی ئەو گەنجەی لە سلێمانی خۆی بە تاوەرێکی کارەبادا هەڵواسی دیارنییە و تائێستاش بەخاکنەسپێردراوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، بەپێی یاسا تاوەکو 40 ڕۆژ دوای ڕووداوەکە ناتوانن بەخاکیبسپێرن.

 

لەبەرواری 14ی ئایاری 2020، لەنزیک یانەی ئەندازیاران لەشاری سلێمانی، گەنجێک بە قایشی پانتۆڵەکەی خۆی بە تاوەرێکی کارەبادا هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، بەبێ ئەوەی هیچ ناسنامە و مۆبایلێکی پێبێت.

 

پاش زیاتر لە دوو هەفتە لە ڕووداوەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2020، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەوەی گەنجەکە هیچ پێناسێک یاخود مۆبایلێکی پێنەبووە و تائێستاش هیچ کەسێک بەدوایدا نەگەڕاوە، بۆیە تائێستا ناسنامەی نادیارە و نازانین کێیە".

 

وتیشی، تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەرییە و بەخاکنەسپێردراوە، بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی یاسا ناتوانرێت پێش 40 ڕۆژ لەدوای ڕوودانی ڕووداوەکە بەخاکبسپێردرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر تاوەکو پاش ئەو 40 ڕۆژە، هیچ کەسێک بەدواداچوونی بۆ نەکرد و ناسنامەی ئاشکرا نەبوو، ئەوا لەدوای وەرگرتنی ڕەزامەندی پزیشکی داد، بەڕێوڕەسمی ئایینی ئیسلام بەخاکدەسپێدرێت.