گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆ؛ بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر 45 دۆنم گەنمی جوتیارانی شێخان سوتا.. جوتیاران گردبوونەوە

2020.05.28 - 21:33

ناس کورد- محەمەد عومەر

پاش ئەوەی بەشێک لە زەویەکانی گەنم و جۆی جوتیارانی قەزای شێخانی سەربە پارێزگای دهۆک ئاگری تێبەربوو و زیاتر لە 45 دۆنم گەنم سوتان، جوتیاران گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بەهۆی ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی نەچوون بە هانایانەوە، بەرگری شارستانی دهۆکیش دەڵێت، شێخان سەر بە موسڵە.

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2020، بەشێک لە زەوییەکانی جوتیارانی کۆمەڵگای مەھەت لە قەزای شێخانی سەربە پارێزگای دهۆک ئاگری تێبەربوو، بەوتەی یەکێک لە جوتیارەکان تایبەت بە ناس کورد، تائێستا زیاتر لە 45 دۆنم گەنم سوتاوە.

 

بەوتەی جوتیاران بەرگری شارستانی دهۆک کەمتەرخەم بووە لە بەهاناوەچوونیان و کوژاندنەوەی ئاگرەکە، هەربۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە خاوەنی زەویەکان رڕژانە سەر شەقام و نارەزایەتیان دەربڕی.

 

یەک لە جوتیارەکانی بەشداربوو لە گردبونەوەکە بە ناس کوردی راگەیاند، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە تیمی ئاگرکوژێنەوە لە کۆمەڵگاکەیان دابنێن، بەردەوامیش دەبن لە سەر نارەزایەتییەکەیان تا  داواکەیان جێبەجێ دەکرێت.

 

لەبارەی ئەو گرفتەوە، بێوار عەبدلعەزیز، وتەبێژی بەرگریی شارستانی دھۆک بە ناس کوردی راگەیاند: "شێخان لەڕوی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوەوە سەر بە بەرێوبەرایەتی بەرگریی شارستانی دھۆک نیە، بەلکو سەر بە پارێزگای موسڵە، ئێمە تەنیا وەک ھاوکاری تیمەکانمان رەوانەی زەوی و زاری ھاولاتیانی ئەو سنورە دەکەین، نەک وەک ئەرکێکی فەرمی".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "ھەر کاتێک بە نوسراوێکی فەرمی ئیدارەی قەزای شێخان داوا لە پارێزگای دھۆک بکات بو دانانی تیمەکانمان لە ناوچەکەیان، ئامادەین بو جیگیرکردنی تیمی ئاگرکوژێنەوە لەو ناوچانە کە سەر بە ئێمەبن و ئەو کات ھەموو ھەولێک دەدەین لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی زەوی و زاری ھاولاتیان زیانەکان کەمبکەینەوە".