گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا لەڕێگەى بەنداوى ئەلیسۆوە ئاوى عێراق گلدەداتەوە

پێشنیار دەکرێت عێراق کارتى ئابورى وەک فشار دژ بە تورکیا بەکاربهێنێت 

2020.05.28 - 15:58
پێشنیار دەکرێت عێراق کارتى ئابورى وەک فشار دژ بە تورکیا بەکاربهێنێت 

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێكی عێراق داوا لەحكومەت دەكات فشار بخرێتە سەر توركیا بۆ ئەوەی پشكی ئاوی عێراق لەڕووباری دیجلە و فوراتەوە زیاتر بكات و بۆ ئەو مەبەستەش دۆسییەی ئابوری بەكاربهێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنكەرە بەنداوی لەسەر ڕووباری دیجلە دروستكردووە و ئاوەكە گلدەداتەوە.

 

توركیا چەند ساڵێكە دەستیكردووە بە پڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆ، كە ساڵی 2016 ئەنكەرە لەسەر سنوری عێراق دروستی كردووە، بەوتەی عێراقیەكانیش ئەو کارەى تورکیا بووەتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو ئاوەی كە دەگاتە عێراق.

 

ڕووباری دیجلە و فورات بەشادەماری ژیان بەلای عێراقیەكانەوە و ئاوی چەندین وێستگەی كارەبا و بۆ كاروباری كشتوكاڵی و چەندین خزمەتگوزاری تر بەكاردەهێنرێت.

 

لە ڕاگەیەنراوێكدا، مەنسور بەعێجی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت حكومەتی بەغدا دۆسیەی ئابوری بۆ فشار خستنە سەرئەو وڵاتانەی كەسەرچاوەی ئاوەكەن بەكاربهێنێت ئەوەش بە مەبەستی دابینكردنی پشكى زیاتری ئاو.

 

بەعێجی ئەو دۆخەشی كە ئێستا دەگوزەرێت بەشەڕی ئاو ناوبرد. 

 

داواشی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد، هەموو ڕێگایەكی گونجاو بگرێتە بەر بەتایبەتی میكانیزمە ئابوریەكان بۆ فشارخستنە سەر توركیا لەدۆسیەی ئاودا.

 

داواشی لەدەسەڵاتداران كرد هەڵوێستیان لەسەر ئەوەی دەگوزەرێت كە شەڕی ئاوە بنوێنن و چەند ساڵێكە عێراق لەلایەن وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەوە ڕوبەڕووی كراوەتەوە.

 

بەنداوێكی مەترسیدار

 

ڕوباری دیجلە و فورات لەچیای تۆرۆسی توركیاوە دێن و بە سوریا و عێراقدا تێدەپەڕن و دەڕژێنە كەنداوی عەرەبییەوە.

 

دوای چەند ساڵێك لەڕاگرتن و دواخستن، توركیا دەستیكردووە بەپڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر ڕووباری دیجلە ئەمەش وای لەچالاكانی بوارەكە كردووە هۆشداری مەترسی لەسەر كشتوكاڵی عێراق بدەن بەهۆی تینوكردنی ملیۆنەها  دانیشتوانی چەندین ناوچەی عێراق.

 

ساڵی2017 بەهۆی كەمبونەوەی ئاوەوە عێراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتە بەر لەوانە قەدەغەكردنی كشتوكاڵی برنج و پاڵی بەجوتیارەكانەوە نا زەوییەكانیان بەجێبهێڵن، لەشاری بەسڕەش چەند خۆپیشاندانێك بەهۆی كەمبوونی ئاوی خواردنەوە ڕویاندا.